ساڵی ١٩٩٠ لە زانکۆ، لە وانەی زەویناسیدا، بە وریاییەوە گوێم بۆ مامۆستای کانزاکان ڕاگرتبوو. ئەو مامۆستایە تازە لە بەریتانیا گەڕابۆوە. یەکێک لەو کانزایەی ئەو ڕۆژە باسکرا کانزای زیرکۆن بوو. مامۆستاکەمان دوای ئاشناکردنمان بە پێکھاتەی کیمیاوی خاسییەتە فیزیاییەکانی ئەو کانزا ئەفسووناویە، لە پڕ گوتی، جارێک کەیسێکی گەورە ھەبوو لە بەریتانیا بە ناوی “ئابڕووچوونی زیرکۆن”.
پرسیارم لە مامۆستا کرد، چی بوو ئەو کەیسی ئابڕووچوونە؟
سەردەم سەردەمی بەعس بوو، مامۆستا دەمی تەتەڵەی کرد و وەڵامێکی خواروخێچی دایەوە و خۆی لە دەست منێکی فزووڵ و منجڕ ڕزگار کرد.
ساڵی ١٩٩٧ چوومە زانکۆی تەکنەلۆجی شاڵمەرش لە سوید بۆ خوێندنی ماستەر. دووبارە زیرکۆن ھاتەوە ڕێگام.
حەسرەتی زانینی فەزیحەکەی کە مامۆستاکەم نەوێرا ڕوونی بکاتەوە، هەر لە دڵمدا مابوو.
دوای بەدواداچوون لە وڵاتە ئازادە پڕ لە مەعریفەکەی سوید، چیرۆکەکە هاتە دەستم کە بەو شێوەیە بوو:
ناوی ئەو کانزا جوان و سەرنج ڕاکێشە، لە بەریتانیا بە مشتومڕێکی سیاسی گەورەوە لکێندرا بوو لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.
فیلمێکی دیکۆمێنتاریی بە ناوی "کۆمەڵگەی نهێنی" لە لایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە بە ناوی “دانکان کامپبێل” ئامادە کرابوو. لەو بەڵگەفیلمەکەدا، زانیاری ورد دەربارەی پڕۆژەیەکی نهێنی سەتەلایتی سیخوڕی بەریتانیا بە ناوی “زیرکۆن” بڕیار بوو ئاشکرا بکرێت. لەندەن ئومێدێکی زۆری لە سەر زیرکۆن هەڵچنیبوو کە بەرەنگاری یەکێتی سۆڤییەت ببێتەوە لە گەرمەی جەنگی مەترسیداری (سارد)دا.
حکوومەتی برریتانیا نیگەران بوو لەوەی ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە، نهێنییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرا دەکات. بۆیە، هەنگاوی توندیان گرتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە پەخشکردنی فیلمەکە. هێزێکی تایبەت هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسەکانی کەناڵی (بی بی سی) و ماڵی ڕۆژنامەنووس کامپبێل بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەی پەیوەندیدار بەو فیلمە دیکۆمێنتارییە.
ئەم کردارەی حکوومەتی بەریتانیا دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی درووستبوونی دیبەیت و مشتومڕێکی گەورە لە نێوان لایەنگرانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری-مافی دەستخستنی زانیاری و هەوادارانی پاراستنی نهێنییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی.
بۆ خۆم دوو وانە فێربووم....
یەکەم کاتێک بەرژروەندی نیشتیمانی دەکەوێتە مەترسی، ئەو وڵاتەی خۆی بە لانەی ئازادیی ڕادەڕبڕین دەزانێت، سنوور دادەنێت و بگرە پێشێلکاریش دەکات.
دووەم وانە، دەزگا سیخوڕی و هەواڵگرییەکان، نە مەبەستی سەرلێشێواندن، ناوی “پێچەوانەی مەبەست” بۆ بەرنامە و ئۆپەراسیۆنەکانیان هەڵدەبژێرن. کانزایەکی بریقەدار و ڕوون و سادەی وەک زیرکۆن، بۆ پرۆژەیەکی ستراتیجی و ناڕوون و پڕ لە تەموومژ هەڵدەبژێرن….