پێش زەمەنی هەستانەوەی نەرویج و گەشەی ئابوورییەکەی بە هۆی زێڕە ڕەشەکەیەوە (نەوت) لە ناو دەریای باکووردا، زەویناسێکی کورد لە سەرەتای حەفتاکاندا چووبوو بۆ نەرویج. ئەو زەویناسە سوێندی خوارد کە فرۆکەخانەی ئۆسلۆی پایتەخت، لەو زەمەنەدا، زۆر لە فرۆکەخانەی دیاربەکری ئێستا بچووکتر و بێنازتر بوو.
ئێستا نەرویج بە زەبری حیکمەتی دەوڵەتدارانەی سەرکردەکانیان و داهاتی نەوتیان، هەوەسیان لێ بێت، نیوەی گۆی زەوی دەکڕن. پارەی کۆکراوەی سەندووقی سەروەری کە سەرچاوەکەی داهاتی نەوتە لە نەرویجدا، چەندین ساڵە تریلیۆنێک دۆلاری تێپەڕاندووە. هەر بۆ خۆشی و بۆ بەراوردکردن، ئەو سەندووقە دەتوانێت تا هەزار ساڵ مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
لە یەک بەرمیل نەوتدا دەتواندرێت شەش هەزار ماددەی جیاوازی پێترۆکیمیایی بێتە بەرهەم، کە هەموویان بناغەی دەوڵەتە پیشەسازییە زەبەلاحەکانی جیهانیان پێکهێناوە. لەو شەش هەزارە ماددەیە، ئێمە چوار ماددەشیان بە تەواوی بەرهەم ناهێنین.
سەیرێکی ئەو ژوورە بکە کە لێی دانیشتووی، کەم ئامراز و ئامێر هەیە کە نەوت و بەرهەمەکانی نەوت لە کاتی درووستکردنیاندا پێکهێنەری سەرەکی نەبن تیایاندا. کەم ئامێری پزیشکی هەیە، کەم دەرمانی گرینگ هەیە بۆ چارەسەری هەزاران نەخۆشی، کە زانستی نەوت و پێترۆکیمیایی نەچووبێتە بنج و بناوانیان و یارمەتیدەری هاتنە ئارایان نەبن.
نەوت بەڵا نییە، مرۆڤ و شێوازی ئیدارەدانی چەوت و کورتبینانەی نەوت، بەڵان.