بە بوونی کەناراوە سپییەکان و چینە بەردە ناوازەکانی، بۆرنهۆڵم بۆتە مەنزڵگەی زەویناسان و شوێنی بەیەکگەیشتنی عاشقانی دەریا و سروشت و جوانی. بۆرنهۆڵم، بە کەناراوی پاک و گوندە دڵڕفێنەکانی و خۆرهەڵاتنی بەیانیان و خۆرئاوابوونی سیحراوی ئێوارانی، هەمیشە گەشتیارانی سەرسام دەکات.
 
شوێنەوارە مێژووییەکانی وەک قەڵای (هامێرشوس)ی سەدەی سێزدەهەم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە دژ بە داگیرکەران و چەتە دەریاییەکان، سیمبۆڵی هێز و فەرمانڕەوایەتی خۆڕاگرانەی بۆڕنهۆڵمییەکانن بە درێژایی مێژوو.
 
دوورگەی بۆرنهۆڵم تەنها سەرچاوەی ئیلهام نییە بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی مێژووی دەریای بەڵتیکی پڕ لە داستان و ڕووداوی دراماتیکی، بەڵکو هێمای خۆگونجاندنیشە لەگەڵ کێشمەکێشەکانی سەردەمی نوێشدا.
 
بۆرنهۆڵم، لایەنێکی سەرەکی لوولەی گازی سروشتیی نوردستریم و گەمەی جیۆپۆلیتیکی ئەوڕووپا و ڕووسیایە. هێلی یەکەمی بەرگریکردنی ناتۆیە لە باکووری ئەوڕووپا و ڕێڕەوی فریاگوزاریی ستراتیژییە بۆ بە هاناچوونی وڵاتانی بەڵتیک لە ئەگەری هەر هێرشێکی فراوانخوازی مۆسکۆدا.
 
 
سەرکردەکانی ئەو دوورگەیە لە هەوڵدان کە ناوچەکەیان ببێتە مۆدێلێکی ژینگەدۆستی بۆ جیهان، هەر کەسێک بێتە بۆرنهۆڵم، جگە لە چێژوەرگرتن وەک گەشتیار، وانەیەکیش فێر دەبیت لە ژینگەپارێزی. لێرە هەموو شوێنێک خاوێنە، هەوا پاکە، ئاو سازگارە، لێرە مرۆڤ و ژینگە لە یەک خانەن و یاریکەری یەک تیمن.
پلانەکان بەو ئاڕاستەیەن کە بۆرنهۆڵم، دوورگەیەکی سفر لە بەفیڕۆدانی خاشاک بێت، دابینکردنی وزەش، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە وزەی نوێبۆوە ببەستێت.
 
بۆرنهۆڵم، لە جیهانێکی دووکەڵاوی و پڕ لە تەنگەژەدا، دیمەنێکی خولقاندووە کە دڵ و خەیاڵ داگیر دەکات.