کاتێک سەرۆک ترامپ، لە ساڵی ٢٠١٩ داوای کڕینی گرینلاندی کرد، جیهان بە پێکەنین و گاڵتە و گەپەوە پێشوازیان لە پێشنیارەکەی کرد. جیهان نازانێت کە لە پشت ئەو پێشنیارە ژەهراویەدا، تەماعێکی قووڵی ستراتیژی و ئابووری خۆی مەلاس داوە. دەورگەی گرینلاند، تەنها زەوییەکی سەهۆڵاوی سارد و وشک نییە، بەڵکوو زەویناسان مەزەندە دەکەن کە ئەو خاکە، عەمبارێکی شاراوەی زۆرێک لە کانزا دەگمەن و ستراتیجییەکان بێت کە پیشەسازی نەێ و تەکنەلۆژیای سەردەم پشتی پێ دەبەستن. لە بوارەکانی گەیاندن و وزەی نوێبۆوە و و گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان، دەستگەیشتن بەو کانزایانە، تاقە ڕێگای مسۆگەرکردنی باڵادەستبوونە.
دەیان پرۆژەی تەکنەلۆژیای سەوز و سەتەلایت و کەشتییە ئاسمانییەکان و سیستەمی بەرگری، پشت ئەستوورن بە دەستگەیشتن بە توخمە دەگمەنەکان کە لە ئێستادا، بەشی شێری، وڵاتی چین دابینی دەکات و ساڵانە ملیارەها دۆلاری پێ دەست دەکەوێت.
لە هەموو ئەو پرۆژانەش گرینگتر، لە دەیەی ئایندەدا، هەڵفڕینە بەرە و مەریخ و زەوتکردنیەتی. ئەو ڕاستییەی کە ئەمڕۆ کە چین پادشای زنجیرەی دابینکردنی جیهانیی ئەو توخمانەیە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر پێگەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و تەکنەلۆژیی ئەمەریکا.
ناشاردرێتەوە کە دید و ڕوئیاکانی سەرۆک ترەمپ بۆ دەستگەیشتن بە کانزا دەگمەنەکانی گرینلاند و ئۆکرانیا، پەنجە مۆری (ئیلۆن مەسک)ی خاوەنی کۆمپانیای (ئێکس)ی ئاسمانی بە ڕوونی پێوە دیارە. خەونی (مەسک) بۆ دەستبەسەرداگرتنی مەریخ و باڵا دەستبوون لە بۆشایی ئاسماندا، کە هەر وەک خۆشی ڕایگەیاند کە “ئارەزوو دەکەم لە سەر مەریخ بمرم”، بە بێ دەستگەیشتن بە کانزا و توخمە دەگمەنە ستراتیژییەکان نایەتە دی.
لەگەڵ گەرمبوونەوەی زەوی و توانەوەی بەستەڵەکەکان، کانە ستراتیژییەکانی ئەو توخمانە دەردەکەون و ئەمەریکا ئاسانتر دەستی پێیان دەگات. وڵاتی چین، چەندین پرۆژە و دەستپێشخەری هەیە لە دوورگەی گرینلاند و واشینگتۆن ترسی لێ نیشتووە کە پەکین بە تەواوەتی ببن بە پادشای دابینکردنی کانزا دەگمەنەکان لە جیهاندا ئەگەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە خاوەندارێتی گرینلاند ڕوو نەدات.
سەرباری ئەگەری بوونی یەدەگێکی زەبەلاح لە کانزا دەگمەنەکان، شوێنی جوگرافی گرینلاند لەڕووی ستراتیژیی سەربازییەوە، بایەخێکی گرینگی جیۆسیاسی دەبێت، بەتایبەتی بۆ بەرگری مووشەک و هەڵدان و خستنەخوارەوەی مانگە دەستکردەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، توانەوەی سەهۆڵەکانی گرینلاند، ڕێگەی گواستنەوەی نوێ لە جەمسەر باکوور دەکاتەوە، گرینلاند لە دوورگەیەکی دوورەدەستی نامۆ، دەکات بە شاڕێگای بازرگانی و سەربازی.
لەو کاتەی جیهان بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ کراوە، دەوڵەتی قووڵی ئەمەریکا و خاوەن دەستەڵاتە ڕاستەقینەکان لە واشینگتۆن، خۆیان بۆ سیناریۆکانی دوای گەرمبوونەوەی زەوی و گۆڕانی خێرای کەشوهەوا ئامادە دەکەن. تەماعی سەرۆک ترامپ لەوانەیە وەک تاکتیکێکی بازرگانی دەرکەوێت، بەڵام ئەگەر بە وردی ڕاڤەی هەل و مەرج و ئامانجە تێکهەڵکێشە ئاڵۆزەکانی ئەمەریکا بکەیت، یارییەکی ستراتیژی زەبەلاح بەدی دەکرێت کە وێنەی نەبووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.