ئەوانەی لە کۆمپانیاکاندا کار دەکەن، زۆر حیساب بۆ توێژەرانی ئەکادیمیی زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوەکان ناکەن. توێژەرانیش لەو باوەڕەدان کە ئەوانەی لە کۆمپانیاکان کار دەکەن، ئاگایان لە گۆڕانکارییە گەورەکانی بەرەی زانست نییە و کارەکانیان پشت بە داهێنانە نوێیەکانی سەردەم نابەستێت و کارایی و چۆنایەتی پرۆسە و بەرهەمەکانیان زەمەنی بەسەرچووە و دەرفەتی پێشوەچوون و نوێبوونەوەی نییە.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، پیشەسازییەکان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان، دووڕووی یەک دراون، تا بکرێت هەماهەنگی دەکەن، زانیاری دەگۆڕنەوە، پیشەسازییەکان کێشەکانیان دەنێرنە زانکۆکان و توێژورە بەتواناکانیش لە ڕێگای تاقیگە پێشکەوتووەکانیان و توێژینەوەی دانسقە و تێزەکانی ماستەر و دکتۆراکانەوە، نەخشەڕێگەی چارەسەر دەخەنە ڕوو. پیشەسازییەکان، شانبەشانی حکومەت پارە و ئیمکانیات دەخەنە بەر دەستی زانکۆ و توێژەران.
چۆن زانکۆ دەرچوو ئامادە بکات بازاڕی کار پێویستی پێبێت، کاتێک زانکۆ هیچ لە سەر سروشتی ئەو کێشانە نازانێت کە ڕووبەڕووی پیشەسازییەکان دەبنەوە؟
زانکۆکانمان، چوار دیواری داخراوەن لە جیهانێکی سنوورداری سواوی خۆیاندا دەژیت. پیشەسازییەکانیشمان، وا دەزانن گەیشتوون بە ترۆپکی داهێنان و ئەوەی پێویستیان پێینەبێت، توێژینەوەیە.
دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان زانکۆ و کۆمپانیاکان، هەر جوانکاری نییە بۆ هەر حوکمڕانییەکی هاوچەرخ، بەڵکوو پێویستییەکی ستراتیجیی مەزنە بۆ کاراکردنی ڕێڕەوی گەشەکردن، بەجۆرێک لەگەڵ ئالنگارییەکانی سەردەمدا بگونجێن.
چەند ساڵ پێش ئێستا لە ئەڵمانیا، بەرپرسێکی ئەکادیمی پێمی گوت کە دەزگایەکی حکوومەتی ئەمەریکا، پارەیەکی خەیاڵی پێشکەش بە زانکۆیەکی ئەڵمانی کردووە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لە بوارێکی گرینگ بۆ ئەمریکا، حکومەتی ئەڵمانیا کەوتبووە جمووجۆڵ و کەمێک ناڕەحەت ببوو، چونکە توێژینەوەکان، چەندین ڕەهەندی ستراتیجی و ئاسایشی نەتەوەیی تێدا بوو.
تمووحی ئەمەریکا تەنها بە سەرچاوەی زانیاریی زانکۆکانی خۆی تێر نابێت، چاوی لەو زانستەیە لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەشی دێتە ئارا، بۆ چین وڵاتانی دیکەش بەهەمان شێوە، هەمووان خەریکی ڕاوە زانستن!
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، پێناچێت لە وڵاتی ئيمەدا بە قوووڵی لە بایەخی توێژینەوە تێگەیشتبین. توێژینەوە بۆتە کاڵایەکی هەرزان، کە هەموولایەک خەریکی بازرگانیپێکردنین.
لە وڵاتە هەر دەگمەنەکانین کە تاقیگەی پێشکەوتوومان نییە، پارەی شایستە تەرخان نەکراوە، توێژەر مەشقی پێنەکراوە و پێشینەیەکی زانستی تۆکمەی نییە، ناشزانین لە کۆمپانیاکان و پیشەسازییەکانمان چی دەگوزەرێت نە لە ناوخۆدا نە لە جیهان، کەچی بە لێشاو توێژینەوە بڵاو دەکەینەوە. توێژینەوە ژمارە نییە، توێژینەوە دروستکردنی کاریگەرییە، کاریگەرییەک سنووری جوگرافی وڵاتان دەبەزێنێت. بە بێ توێژینەوەی ڕەسەن و بنەماتۆکمە، هیچ موعجیزەیەک نامانکات بە وڵاتێکی دروست و گەشەسەندوو و ڕێزلێگیراو.