لە بوومەلەرزە گەورەکەی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٩٩، کە بووە هۆی ئەوەی ١٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، ساختەکاری لە بیناسازی و گزی و فێڵی مقاولەکان وەک هۆکاری سەرەکیی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیان هەژمار کرا....
 
توڕەیی خەڵک لە باڵەخانە خراپدروستکراوەکان هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ هاتنە سەر دەستەڵاتی پارتی ئاکەپە و ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٢. ئاکەپە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن پڕ بە گەرووی هاواری دەکرد کە یاسا و رێساکان توند بکات و بواری ساختەکاری لە دروستکردنی باڵەخانەکان نەدات و باڵەخانە کۆنەکانیش نۆژەن بکاتەوە.....
 
دوای ماوەیەک لە ڕێکاری سەختی مۆڵەت وەرگرتن بۆ پرۆژەکان، بەرە بەرە ڕێنماییەکان خاوبوونەوە و بە لێشاو مۆڵەت تەخشان و پەخشان کرا، هۆکاری سەرەکیش فراوانکردنی بنکەی جەماوەریی پارتی دەستەڵات بوو، بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ دەنگدەران و ڕەخساندنی پرۆژە بۆ لۆبییە دەستڕۆیشتووەکان و مقاولە چاوچنۆکە مافیائاساکان....
 
هەموو ئەو ئاسانکارییانە لە بیناسازیدا، پێش هەڵبژاردنی ٢٠١٨ ئەنجام دران، چاودێران وەک شێوازێک بۆ هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگی خەڵک لێکدانەوەیان بۆ کرد. بە کورتی ئەو ئاسانکارییانە و چاوپۆشین لە ڕێنماییەکان بووە هۆی بەخشینی مۆڵەت بە ١٣ ملیۆن باڵەخانە.....
 
بێ گومان کەس ناتوانێت بلێت بە چ ڕێژەیەک ئەو مۆڵەتبەخشین و چاوپۆشیکردنە بۆتە هۆکاری زۆربوونی ژمارەی قوربانیان، بەڵام ئەوەی کە دەتوانین بە بێ دوودلی بیڵێین ئەوەیە کە جگە لە باڵەخانە کۆنەکان کە ڕەچاوی ڕێنمایی دژە بوومەلەرزەیان بۆ نەکراوە، ڕووخاون، باڵەخانە نوێیەکانیش کە گوایە بە پێی ستانداردی نێودەوڵەتی بیناسازی و بەرگەگر بۆ لەرزینەوە دروستکراون، ئەوانیش شانبەشانی باڵەخانە کۆنەکان، لەگەڵ زەویدا تەخت بوون..
 
کاتێک ئەردۆغان باری نائاسایی لە ١٠ پارێزگای زیانلێکەوتوو ڕاگەیاند، هاوکات هۆشدارییەکی بۆ خەڵک دەرکرد کە هەرکەسێک هەواڵی ساختە بڵاوبکاتەوە مەترسی لێپێچینەوە و زیندانیکردنی لەسەرە. هۆشدارییەکە کە زۆر کەس هەستی پێدەکەن ئەوەیە کە دەست نەکەیت بە باسکردنی ساختەکاری بیناسازی یان ئاسانکاری بۆ دروستکردنی باڵەخانە ناستانداردەکان کە لە ژێر دەستەلاتی حکومەتی ئاکپارتی هاتوونەتە ئاراوە.
 
بوومەلەرزە گەورەکەی ساڵی ١٩٩٩ لە هاویندا ڕوویدا، ئەمەش وایکرد تا هەفتەیەک دوای کارەساتەکە بتوانرێت ڕزگاربووان بدۆزرێنەوە. ئەمجارەیان لەگەڵ سەرمایەکی توندی زستانە لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەکی بەرچاو دەربازکردنی عاسێبووانی ژێر باڵەخانە بە فرتوفێڵ دروستکراوەکان قورستر بوو.
چارەسەری کاتی و بنیاتنانی پرۆژە بە پینەوپەڕۆ، وەک بۆمبی تەوقیتکراوە، هەر ڕۆژێک دێت پێتدا دەتەقێتەوە.....
جارێ ڕوون نییە حوکمی ئاکپارتی بەرگەی چ جۆرە لەرزینەوە و هەژانێک دەگرێت بە پێوەری ڕێختەر....