لە ساڵی ١٩١١ دادگای باڵای ئەمریکا بڕیارێکی مێژوویی دەرکرد کە بۆ هەمیشە دیمەنی جیهانی بازرگانیی ئەمریکای گۆڕی.
دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکەی نەوت ناسراو بە (ستاندارد ئۆیل) کە خاوەنەکەی (جۆن دی ڕۆکفێلەر) بوو، بە تۆمەتی قۆرخکاری سەرتاسەری لە ئەمریکادا.
ئەم بڕیارە زەبرێکی کەمەرشکێن بوو بۆ (ڕۆکفێلەر) کە تەواوی ژیانی پیشەیی خۆی لە پێناو بنیاتنانی کۆمپانیاکەی بەسەر بردبوو بۆ ئەوەی ببێتە باڵاترین هێز لە پیشەسازی نەوت لە ئەمریکا و سەرتاسەری جیهاندا…..
(ڕۆکفێلەر) و تیمە یاساییەکەی تانەیان لە بڕیارەکە دا لە دادگای باڵا و باسیان لەوە کرد کە هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای (ستاندەر ئۆیل) زیان بە ئابووری ئەمریکا دەگەیەنێت و دەیان هەزار هەلی کار لەناو دەبات. بەڵام دادگای باڵا بە توندی پێداگری کرد و لە سەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتە زەبەلاحەکەی (ڕۆکفێلەر) سوور بوو…..
(ڕۆکفێلەر) تاڵاوی هەرەسهێنان و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتەکەی چێشت و هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە گەورەترین زوڵم بوو کە دەوڵەتێک بەرامبەر بە هاوڵاتییەکی خۆی ئەنجامی دابێت. بەشە جیاوازەکانی ستاندارد ئۆیل و سەرجەم کۆمپانیا دەستەخوشکەکانی هەڕاج کران.
هەندێک ناوەندی دەستڕۆیشتوو کەوتنە هەوڵدان بۆ لەکەدارکردنی (ڕۆکفێلەر) و بە کەسێکی چاوچنۆک و قۆرخکار لە قەڵەمیان دەدا. بەڵام تەنانەت لە دۆڕانیشدا، (ڕۆکفێلەر) سوور بوو لە سەر ئەوەی کە دەبێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر جیهان دروست بکات و لە گەورەترین دەرگاوە بچێتەوە ناو مێژوو.
(ڕۆکفێلەر) بەشێکی زۆری ئەو سەروەتەی کە کۆی کردبۆوە خستییە ناو پرۆژەی خێرخوازی و بڕە پارەیەکی خەیاڵی بەخشییە ئەو پرۆژانەی کە کار لە پێناوی چاکەی گشتیدا دەکەن.
دامەزراوەی خێرخوازی ڕۆکفێلەری لە ساڵی ١٩١٣دا دامەزراند و تا ئەمڕۆش چالاکە لە بوارەکانی خێرخوازی گشتی و بە دەیان ملیار دۆلار پارەی بەخشیوەتە ژمارەیەکی لە بننەھاتوو لە پرۆژە و توێژینەوەکانی پزیشکی و دەرمانسازی و کشتوکاڵ و پەروەردە و زانستە مرۆڤایەتییەکان.
لە کۆتاییدا ناوبانگی ڕۆکفێلەر بە قۆرخکار و هەڵوەشاندنەوەی ستاندەر ئۆیل پێناسە نەکرا، بەڵکو بە گەورەتەین خێرکەری سەر گۆی زەوی لە سەدەی نۆزدەھەم پێناسە کرا.
یەکێک لە وتە ھەرە مەزنەکانی: مەترسە و ئامادەبە بۆ دەستبەرداربوون لە شتێکی باش بۆ شتێکی مەزن......