خۆسووتاندنەکەی محەمەد بوعەزیز لە توونس، بەهار و پاییزی عەرەبی بەدوای خۆیدا هێنا، خەریک بوو نەخشەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی ئاوەژوو ببێتەوە. بەڵام ڕووسیا هاتە ناو هاوکێشەکە و ڕێگری کرد لە گەییشتنی گازی سروشتیی ئێرانی شیعە لە ڕێگای عێراق و سووریاوە بۆ ئەوڕوپا، بە هەمان شێوە مۆسکۆ بەربەستی دانا لە ڕێگەی گەییشتنی گازی قەتەری سوننە لە ڕێگای سعودیا و ئەردەنەوە بۆ هەمان بازاڕ.
تەقینەوەکانی فۆکۆشیمای وێستگەی ئەتۆمیی ژاپۆنیش، سەرجەم تێڕوانینەکانی جیهانی گۆڕی کە گوایە دەکرێت وزەی ئەتۆم جێگرەوەی وزەی بەردینی نەوت و گاز بێت، کە تۆمەتبارە بە گەرمکردنەوەی زەوی و بنکۆڵکردنی ژینگەی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیەدا.
ئەمڕۆش مەترسیی داخستنی دەریای سوور بەڕووی کەشتییە بازرگانەییەکان و عەمبارەکانی نەوت و گاز، هەڕەشەیەکی نوێیە و لێکەوتەکانی بۆ وڵاتانی جیهان شۆکهێنەر و چاوەڕواننەکراو دەبێت. بۆیە هاوشێوەی ئەو ڕووداوانەی ئاماژەمان پێکردن، ئەم پێشهاتە تازەیە ڕۆڵی دەبێت لە شڵەژانی هاوکێشەی جیۆسیاسیی جیهان.
لە سەردەمێکداین کە دیمەنە جیۆپۆلەتیکییەکان وەک سەرابەکانی بیابان دەگۆڕدرێن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە خۆی لە چەقی گێژەڵووکەی گۆڕانکارییەکاندا دەبینێتەوە. ململانێی ئەم دواییەی جەنگی غەززە، نەک هەر داینامیکی ناوچەکە لە قاڵب دەداتەوە، بەڵکوو ئاماژەیەکی ڕوونیشە بۆ لاپەڕەیەکی نوێ لە نەزمە ستراتیژییە جیهانییەکاندا.
لە ناوەندی ئەو گۆڕانکارییە بومەلەرزەییانەدا، بڕیارەکەی کۆمپانیای سوپەرزەبەلاحی نەوت (بریتیش پێترۆلیەم) بە وەستاندنی گەشتی کەشتییە عەمبارهەڵگرەکانی، بە ڕێڕەوی دەریای سووردا، لە دەرەنجامی پەرەسەندنی هێرشەکانی یاخیبووانی حوسیی لە یەمەندا، ڕووداوێکی دراماتیکی و ئاڵۆزبوونێکی بەرچاوی ڕەوشی ناوچەکەیە.
ئێستا ململانێی غەززە بە لایەنە سیاسی و مرۆییە قووڵەکانییەوە، سنوورەکانی ناوچەکەی تێپەڕاندووە و هەڕەشە لە شادەماری بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی جیهان دەکات. لە چەند ساڵی داهاتوودا، دەرئەنجامەکانی شەڕی غەززە، زۆر دوورتر لە سنوورەکانی فەلەستین و ئیسرائیل کاردانەوە دروست دەکەن و ڕەنگە تێڕوانین و ستراتیژ و هاوپەیمانییەکان سەرتاپا بگۆڕدرێن.
دەریای سوور کە خوێنبەرێکی گرنگی بازرگانیی جیهانییە، ئێستا کەوتۆتە ناو گێژاوێکی تاریک و مەترسیدار. بڕیاری وەستاندنی گەشتەکان لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا تەنها مانۆڕێکی کاتیی کۆمپانیایەک نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانێکی مەترسیدار و پێشبینیکردنی هاتنەکایەی سیناریۆیەکی نوێ. ئەم هەنگاوە، تەنها جەخت ناکاتەوە لەسەر لاوازیی ڕێگا دەریاییە نێودەوڵەتییەکان و بە مانایەکی فراوانتریش، ناسکی و لەرزۆکیی زنجیرەکانی دابینکردنی وزە پیشانی جیهان نادات، بەڵکوو مۆدێلێکی نوێی دەسەڵاتداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشان دەدات. ئەو مۆدێلە حوکمڕانییە بریتییە لە فراوانبوونی دەستەڵاتی هێزە یاخییبووە درۆنچییەکانی ناوچەکە، کە کەلتووری پێکەوەبوون و یاسا گەردوونییەکان لە سەر هەسارەی زەوی ڕەت دەکەنەوە.
هەڵاتنی کەشتییەکانی کۆمپانیای (بریتیش پێترۆلیەم) لە دەریای سووردا، زیاترە لە پچڕان و شڵەژانێکی لۆجیستیی نەوت و گاز و پێدەچێت سەرەتای کاریگەریی دۆمینۆی جیۆپۆلەتیکی بێت. ئەو وڵاتانەی وابەستەی ئەو ڕێگا دەریاییانەن، ئێستا، لە بری کەناڵی سوێس، دەبێت خۆیان و کەشتییەکانیان بە زەلکاوێکی ئەمنی و دیپلۆماسی و ئابووریدا تێپەڕن. دەنگدانەوەکان لە بازاڕەکانی نەوتی ئەوروپاوە تا ژوورەکانی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیاکانی ئاسیا، هەستیان پێدەکرێت و هەمووان خەریکن سیاسەت و ئەولەویەتەکان دادەڕێژنەوە. ڕەنگە هاوپەیمانیێتییەکان بگۆڕدرێن، بەرژەوەندییەکان بەر یەک بکەون و ستراتیژییەکان هەڵسەنگێندرێنەوە. دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوسەنگییەک لە نێوان نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێستا و سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا ڕابگرێت. ئەم دۆخە دژوارە پێویستیی بە وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتیی خێرا و هەماهەنگ هەیە کە لێکترازانە نەریتییەکان لە سەر ئاستی سیاسی و ئیقلیمی تێپەڕێنێت.
ململانێی غەززە، بەنزینی زیاتری بە سەر ئاگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد و دەریای سووریش هەر یەک دانە پرووشکەی ئەو ئاگرەیە. ئەو بژاردانەی زلهێزە ئیقلیمی و جیهانییەکان لە چەند مانگی داهاتوودا دەیکەن، نەک تەنیا داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو نەزمێکی نوێی جیهانیش دەنەخشێنن.
لەم تابلۆ ئاڵۆزە خوێناوییەدا، تاکە شتێک کە لێی دڵنیا بین ئەوەیە کە ناوچەکە هەمیشە وەک چەقی قورسایی بەریەککەوتن و هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی ئابووری و سەربازی و سیاسیی زلهێزەکان دەمێنێتەوە، کە کاریگەرییەکانی لەودیو بیابان و دەریاکانی ناوچەکەدا هەستیان پێ دەکرێت.