“پیرامیدن”، شارێکە کەوتۆتە ناوچە دوورەدەستەکانی جەمسەری باکوور، سەر بە دوورگەی سڤاڵباردە کە بە شێوەیەکی نیمچەفەرمی سەر بە وڵاتی نەرویجە. پیرامیدن وەک سیمبۆڵێکی گرینگی ئامانجە فراوانخوازییەکانی یەکێتی سۆڤیەت ماوەتەوە. ئەم شارۆچکەیە بە بوونی چەندین کانی خەڵووز بەناوبانگە کە لەلایەن سویدەوە لە ساڵی ١٩١٠ بنیاتنراوە و لە ١٩٢٧ شارەکە فرۆشرا بە یەکێتیی سۆڤیەت. لە سەردەمی زێڕینیدا، شاری پیرامید ماڵی زیاتر لە هەزار هاووڵاتی بوو. دانیشتوانەکەی لە ڕووسیاوە هاتبوون و خەریکی کارکردن بوو لە کانەکانی بەرهەمهێنانی خەڵووزی بەردین.
 
دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، شڵەژانی ئابووری و ئاستەنگەکانی ژینگەیی، ئەم شارۆچکە دوورەدەستەی جەمسەری باکوور، لە ساڵی ١٩٩٨ بە پەلە چۆڵکرا. ئەمڕۆ، وەک شوێنێکی پارێزراو ماوەتەوە، باڵەخانە و دامەزراوە فەرمی و مەدەنییەکان بەجێماون وەک یادەوەرییەکی خەیاڵاوی خۆی نمایش دەکات. هەندێک لە توێژەران، پیرامیدن بە شاری جنۆکەکان ناو دەبەن، وەک ئاماژەیەک کە ئەو شارە هەموو سیمای شارستانی تێدایە، جگە لە بوونی مرۆڤ نەبێت.
 
 
 
سەردانیکردنی پیرامیدن هەستێکی ئاڵۆز دەبەخشێت بە مرۆڤ، چۆن خەڵک لێرە ژیاون، چۆن شارستانییەت دەکرێت وا بە پەلە کۆتایی پێ بێت، چۆن سیاسەت و گۆڕانی هەژموونی زلهێزەکان گەمە بە چارەنووسی مرۆڤ دەکەن.
وەک بەشێک لە کارکردن لە سەر تێزی دکتۆراکەم ساڵی ٢٠٠٣، ڕێگام کەوتە ئەوشارە. لە کتێبی یادەوەرییەکان کە لە ناو یەکێک لە باڵەخانەکاندا داندرا بوو، بە کوردی پەیڤێکم نووسیوە و هەستی خۆمم دەربڕیوە.