وڵاتانی ئەوڕوپا، لە بڕی گازی سروشتی بۆ ئابوورییە زەبەلاح و پیشەسازییە تێکهەڵکێشەکەیان، بەرەو بەکارهێنانی وزەی هایدرۆجینی دەچن.
زۆر بە کورتی: “وزەی هایدرۆجینی” بە چەند شێوەیەک بەرهەم دەهێندرێت. جۆری یەکەم: لەڕێگای کارلێکی کارەبایی و ئاوەوە دەبێت کە ناسراوە بە ئێلێکترۆلیسیس (electrolysis). پرۆسەی هایدرۆجینی بەرهەمهاتوو، کاربۆن ناخاتە ناو ژینگەوە، بۆیە وزەکە بە “هایدرۆجینی سەوز” ناوزەد دەکرێت. ئەو جۆرە هایدرۆجینە، تەکنەلۆجیا و سەرمایەی زۆری دەوێت و بڕی بەرهەمیش کەم و سنووردارە. لە ئێستادا، لە زانکۆکانی جیهان و کۆمپانیاکانی وزە و زاناکانیان خەریکی باشترکردنی پرۆسەکەن لە پێناو کاراکردنی بەرهەمهێنای هایدرۆجینی سەوز.
جۆری دووەم: “هایدرۆجینی شین”. وزەی هایدرۆجینی لە پرۆسێسکردنی گازی سروشتییەوە دێت بۆ نموونە لە گازی میسان (CH4)، بەرهەم دەهێندرێت، بە مەرجێک کاربۆنی بەرهەمهاتوو لە کاتی پرۆسەکەدا کۆبکرێتەوە و بخرێتەوە ژێر زەوی و نەچێتە ناو بەرگەی هەوا و هۆکار نەبێت بۆ پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونەوەی زەوی. ئەم جۆرەیان بڕی بەرهەمی زۆرە و تەکنەلۆجیاکەشی سادەترە لە جۆری یەکەم. بۆ ئەو وڵاتانە گونجاوە کە خاوەنی یەدەگی زۆری گازی سروشتین بە عێراق و کوردستانیشەوە.
سێیەم “هایدرۆجینی خۆڵەمێشی”. ئەو هایدرۆجینە، بەهەمان شێوەی هایدرۆجینی شین بەرهەم دەهێندرێت و لە پرۆسێسکردنی گازی سروشتییەوە دێتە کایەوە، بەڵام کاربۆنی بەرهەمهاتوو ڕێگای لێناگیرێت و تێکەڵ بە هەوا دەبێت و ژینگە پیس دەکات.
سعودیا خەریکی پرۆژەی وەبەرهێنانە بای ملیارەها دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆجینی و دەیەوێت ببێت بە یەکەم بەرهەمهێن لە جیهاندا. ئەڵمانیا بەڵێنی داوە گازی بەرهەمهێندراوی هایدرۆجینی لە سعودیا بکڕێت، سعودیا پارە دابین دەکات، ئەڵمانیاش تەکنەلۆجیا.
لە ئەوڕوپادا مشتوومڕ زۆرە، کە هایدرۆجینی سەوز یان شین یان هەردوکیان ببنە بنەمای ئابووری و پیشەسازیی ئایندە؟ پارتە ژینگە پارێزەکان دەخوازن تەنها هایدرۆجینی سەوز و بە پرۆسەی (سیفر کاربۆن بەرهەمهاتوو) ببێتە بنەمای پیشەسازی ئەوڕوپا.
لە ئەڵمانیا و لە هەندێک وڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئەنجوومەنی باڵای نیشتیمانی وزەی هایدرۆجینی دامەزراوە و عەمباری ستراتیجی کۆگاکردنی هایدۆجینیان بنیات ناوە. پێویستە وڵاتانی بەرهەمهێنی گازی سروشتی، ڕوئیایان ڕوون بێت و ئاگایان لەو گۆڕانکارییە دراماتیکییە بێت کە لە جیهاندا لە سەر و بەندی ڕوودانە.
هەرچەندە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پلان و بەرنامەی ئەوڕووپییەکانی سەبارەت بەکارهێنانی گازی هایدرۆجینی، شێواند، بەڵام دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخی ئەوڕووپا و کۆتایی هاتنی جەنگ، پرسی بەکارهێنانی گازی هایدرۆجینی، بە خێرایی گەرم دەبێتەوە.