چەند ساڵ پێش ئێستا، لە سەروبەندی گەڕی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لە ئەنکەرە، بانگهێشت کرام و میوانی کۆمپانیایەکی نەوت بووم. گەورە بەرپرسێکی کۆمپانیاکە لێمی پرسی، بۆچی تەنها لەو بەری سنوور لە عێراق نەوت هەیە، بۆچی لە بەری تورکیا دۆزینەوەی نەوت ئەستەمە؟
گوتم وەڵامی ئەو پرسیارە لای (کالۆست گوڵبەنکیان)ە!
کالۆست گوڵبەنکیان لە ساڵی ١٨٦٩ لە ئەستەنبوڵ لە دایک و باوکێکی ئەرمەنی کە بەشێک بوون لە چینی نوخبەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، هاتە دونیا. لە ژینگەیەکی جەنجاڵی شارە زەبەلاحەکەی قوستەنتینییە گەورە بووە. کالۆستی گەنج زۆرجار لە دوای کاتەکانی خوێندنی لە بازاڕدا بەسەر دەبرد، چێژی دەبینی لە ھونەری سەودا و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ڕۆژھەڵاتییانە.
خانەوادەکەی بۆ بەھێزکردنی زمانی فەرەنسی ڕەوانەی قوتابخانەیەکی ناوەندی دەکەن لە شاری مارسیلیای فەرەنسی و پاشان دەچێتە “کۆلێژی کینگ” لە لەندەن. ساڵی ١٨٨٧ لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، بڕوانامەی لە ئەندازیاری کانەکان بەدەست دەھێنێت و تێزەکەشی لەسەر تەکنەلۆژیای پیشەسازیی نوێی نەوت نووسیوە. لەوێ پرۆفیسۆرێکی بەریتانی پێشنیار دەکات کە ئەو لاوە ھەڵکەوتووە ئەرمەنییە بچێتەوە فەرەنسا و خوێندنی باڵا لە فیزیا تەواو بکات. کالۆست گوڵبەنکیان
ھەستی کرد ئەو جۆرە خوێندنە جگە لە قسەی بێمانای ئەکادیمی، ھیچی دیکەی لێ شین نابێت.
گوڵبەنکیان زنجیرەیەک بابەتی لەسەر نەوتی ڕووسیا نووسی کە زۆر ڕێزیان لێدەگیرا، وتارەکانی لە ساڵی ١٨٨٩ لە گۆڤارێکی بەناوبانگی فەرەنسیدا دەرکەوتن، و دواتر بابەتەکانی کردە کتێبێک کە ناوبانگێکی گەورەی لە جیھاندا دەرکرد وساڵی ١٨٩١ بە چاپ گەیەندرا. کالۆست گوڵبەنکیان لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا وەک شارەزایەکی نەوت لە سەرتاسەری جیھاندا ناوی خۆی چەسپاند...
لە بری خوێندنی فیزیا لە پاریس، باوکی، کالۆستی نارد بۆ باکۆی پایتەختی ئازەربایجان. خێزانی گوڵبەنکیان بەشی زۆری سەروەتەکەیان لەو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتبوو. کالۆست سەرسام بوو بە پیشەسازیی نەوت کە بۆ یەکەم جار بوو لە ئازاربایجان دەیبینی. لە کاتی سەردانی یکێک لە کێڵگەکانی نەوتی نزیک باکۆی پایتەخت، بەھۆی تەقینەوەی بیرێکی نەوت، نەوت وەک باران بەسەریدا دەبارێت، ئەو لە بری ترس و دڵەڕاوکێ، ھەستی بە خۆشی کرد و چێژی لەو بەسەرهاتە وەرگرت.
سەرەتای کارە بازرگانییەکانی گوڵبەنکیان بریتی بوو لە هاوردەکردنی نەوت وبپێکھاتەکانی لە ڕووسیا و فرۆشتنی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. شارەزایی ئەو لە پیشەسازیی نەوتدا هەر زوو سەرنجی حکومەتی عوسمانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، کە حەزی لە پەرەپێدانی سەرچاوە نەوتییەکانی ناوچەکانی ژێر دەستی خۆیدا بوو.
کالۆست گوڵبەنکیان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ڕازیکردنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەوت لە میزۆپۆتامیا (عێراقی ئێستا). گوڵبەنکیان پەیوەندییەکی بەرفراوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا هەبوو. ئەو حەزی لە دۆزینەوەی نەوت بوو لە ناوچەکەدا و پێی وابوو کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە نەوت لە میزۆپۆتامیا هەیە. ھەر بۆیە سوڵتانی عوسمانی داوای لێکرد بەدواداچوون بۆ ئەگەرەکانی نەوت لە میزۆپۆتامیا بکات.
وا دیارە هەوڵەکانی مزەفەرەدین شای قاجەری لە ئێران و دەستتێکەڵکردنی لەگەڵ سەرمایەداری بەریتانی “وليم نوكس دارسي” بۆ دۆزینەوەی نەوت لە سەر سنووری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، سوڵتانی لە ئیستانبول (قوستەنتینییە) نیگەران کردبوو. ساڵی ١٩٠١، وليم نوكس دارسي، یەکەم بیری نەوتی لە چیا سورخ لە نزیک خانەقین هەڵکۆڵی، نەوت، بە بڕێکی زۆر، نەدۆزرایەوە، بەڵام ئاسەوار و ئاماژەکانی بوونی نەو لە ناوچەکەدا دەرکەوتن.
گوڵبەنکیان ڕاپۆرتێکی فراوانی زانستی ئامادەکرد، پشتی بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەست و هەروەها پشتی بەست بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەندازیارانی هێڵی ئاسنی ئەڵمانیا کە لە ناوچەکەدا بوونیان ھەبوو. دەرەئەنجام، کالۆست گوڵبەنکیان
ڕایگەیاند کە لە میزۆپۆتامیادا بە ئەگەرێکی زۆرەوە نەوت هەیە.
لە ساڵی ١٩١١ گوڵبەنکیان لەگەڵ گروپی ڕۆیاڵ هۆڵەندی/شێل، کۆمپانیای نەوتی ئینگلیز-فارس و کۆمپانیای نەوتی نەمسایی کە دواتر بە کۆمپانیای نەوتی عێراقی (IPC) ناسرا، کۆنسۆرتیۆمی پێکهێنا. ڕۆڵی گوڵبەنکیان لە کۆنسۆرتیۆمەکەدا ئەوە بوو کە وەک ناوبژیوانێک لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا مامەڵە بکات و دانوستاندن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا بکات.
یەکەم هەنگاوی گوڵبەنکیان، دەستەبەرکردنی پشتیوانی حکومەتی عوسمانی بوو بۆ پڕۆژەی گەڕان بەدوای نەوتدا. پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عوسمانی بەکارهێنا و قەناعەتی پێکردن کە گەڕان دۆزینەوەی نەوت لە میزۆپۆتامیا سوودی ئابووری زەبەلاح بە ئیمپراتۆریەتەکە دەگەیەنێت. جەختی لەوە کردەوە کە دۆزینەوەی نەوت دەتوانێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناوچەکە بگۆڕێت و ھاوچەرخبوون و پێشکەوتن بەدوای خۆیدا بهێنێت.
بۆ زیاتر ڕازیکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەوت لە میزۆپۆتامیادا، گولبێنکیان ڕووپێوییەکی جیۆلۆجی بۆ ناوچەکە ڕێکخست، کە لەلایەن زەویناسانی ئەڵمانییەوە ئەنجامدرا. ڕووپێوییەکە بۆچوونەکانی گوڵبەنکیان پشتڕاستکردەوە کە توانای بەرزی نەوت لە ناوچەکەدا هەیە و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ڕازی کرد کە ئیمتیازێک بەو کۆمەڵەیە (کۆنسۆرتیۆمە) بدات بۆ گەڕان بەدوای نەوت لە میزۆپۆتامیا. گوڵبێنکیان توانی بە ناوی حکومەتی عوسمانیەوە پشکی 5% لەو کۆنسۆرتیۆمە بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەمەش نازناوی "مستەر 5%"ی بۆ تا کۆتایی ژیانی بەدەستهێنا.
گوڵبەنکیان بە نوێنەرایەتی حکومەتی عوسمانی بەردەوام بوو لە دانوستان لەسەر گرێبەستە نەوتییەکان تا سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم، ئەوکات بەهۆی ڕەچەڵەکی ئەرمەنی و نیگەرانییەکانی بۆ سەلامەتی خۆی ناچار بوو بەرەو فەرەنسا هەڵبێت. سەرەڕای شەڕ و ئاژاوە و پێکدادانەکان، گوڵبەنکیان لە پیشەسازی نەوتدا چالاک و کاریگەر مایەوە، دواجار بووە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی بازرگانی نەوت لە سەرتاسەری جیھاندا.
لە سەروبەندی کۆبوونەوەکانی لۆزاندا، مشتومڕی گەورە هەبوو کە سنووری نێوان تورکیا و عێراق چۆن بکێشرێت.
گوڵبەنکیان هەڵوێستی گۆڕا بوو، بە هەموو هێز و تواناوە هەوڵی دەدات کە سنوورەکە بە جۆرێک بکێشرێت کە زۆربەی ئەو ناوچانەی ئەگەری بوونی نەوتیان هەیە (ناوچەکانی ویلایەتی موسڵ)، بکەونە لای ڕاست (عێڕاق). ساڵی ١٩٢٣، زلهێزەکان، نەیتوانی پرسی سنوورەکان یەکلایی بکەنەوە و دۆسییەکەیان ڕەوانەی کۆمەڵەی گەلانی کرد.
گوڵبەنکیان داوای کرد، سنووری نێوان تورکیا و ویلایەتی موسڵ بە وریاییەوە بکێشرێت، زوو زوو بە تەنزئامێزەوە دەیگوت، ئەگەر لێتان گەڕێم بە ڕاستە (مەستەرە) ئەو سنوورە دەکێشن و کارەسات دەنێنەوە.
گوڵبەنکیان پێشنیاری کرد، گەورە جوگرافیاناس و ئەندازیاری ڕووپێووی ئەرمەن نەژاد، (د. زاتیک خانزادیان) ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ. گوڵبەنکیان هەموانی ڕازی کرد، کە هیچ کەس وەک (زاتیک خانزادیان) دۆڵ و نشێو و کون و کەلێنەکانی ئەو ناوچەیە شارەزا نییە. ئەرکی سنوور کێشانەکە بە خانزادیان سپێردرا، جێی تێڕامانە، دوای سەد ساڵ لە کێشانی نەخشەی نێوان تورکیا و عێڕاق لە لایەن (زاتیک خانزادیان)ەوە، تا ئێستا بەشی شێری کێڵگەکانی نەوت، دەکەونە ناو سنووری عێراق، ڕێک بەو شێوەیەی کە گوڵبەنکیان پلانی بۆ دانابوو.
بۆ ماوەی دەیان ساڵ، گوڵبەنکیان ٥٪ قازانجی لە فرۆشتنی نەوتی ویلایەتی موسڵ دەست کەوت.
تۆ بڵێی لە تۆڵەی قەتل و عامی ئەرمەنییەکان نەبێت کە کالۆست گوڵبەنکیان (ھەڵگری ھەر دوو ڕەگەزنامەی ئینگلیزی و ئەمریکی)، ڕۆڵی نەبووبێت و نەبووبێتە ئەندازیاری داماڵینی دەوڵەتی نوێی تورکیا لە نەوت کە لەسەر پاشماوەی ئێمپراتۆرییەتی ڕووخاوی عوسمانیدا ھاتە ئارا؟ ھەر بەو ھۆکارە نییە سیاسەتمەدرێکی گەورەی تورک دەڵێت، لە کوێ نەوت کۆتایی دێت، لەوێ ھێلکارییان کرد و گوتیان ئێرە سنووری تورکیایە؟
چەند تێبینییەک: بۆ ئەو نووسینە سوودم لە دەیان سەرچاوەی جیاواز وەرگرتووە، کە بە زمانی ئینگلیزی نووسراون، بەڵام بەستنەوەی، قەتلوعامی ئەرمینیا و ھەڵگەڕانەوەی (کالۆست گوڵبەنکیان)ی ئەرمەنی لە دەوڵەتی عوسمانی و داماڵینی دەوڵەتی تورکیای نوێ لە نەوت، لێکدانەوەی خۆمە، تا ئێستا سەرچاوەیەکی وام دەست نەکەوتووە، کە ئەو لێکدانەوەیە پشتڕاست بکاتەوە.....
ئەگەر لە پەیمانی لۆزان، کەرکووک و موسڵیشیان خستبا سەر دەوڵەتی تورکیا، ئەودەم تورکیا لە چین و ڕوسیا زیاتر دەبوو بە سەریەشە بۆ ڕۆژئاوا....نەوت لە کەرکوک لە ساڵی ١٩٢٧ دۆزرایەوە و یەکێکە لە کێڵگە سوپەر زەبەلاحەکانی جیھان و پێشبینییەکانی گوڵبەنکیان هاتە دی.
ڕەنگە میللەتی کوردی پەرش و بڵاو و ناکۆک، کە تۆمەتباریش کرابوون بە هاوکاریکردنی تورک لە قەتلوعامی ئەرمەنەکان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە لۆزان، زەربەی (گوڵبەنکیان)یان بەرکەوتبێت…..
ساڵی ١٩٥٥، گولبەنکیان وەک دەوڵەمندترین مرۆڤی جیھان کۆچی دوایی کرد لە لێسبۆن، پایتەختی پورتوگال. دەزگای خێرخوازیی گوڵبەنکیان، چەندین پرۆژری دیاری بۆ عێراق ئەنجام داوە، لە ناویشیاندا، یاریگای شەعب لە بەغدا.