لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکانی ناپلیۆنەوە, سوید سیاسەتی “بێلایەنی” لە هەر دوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا هەڵبژارد. ساڵ ساڵی ١٩٣٩یە ئەڵمانیا یەک لە دوای یەک وڵاتانی ئەوڕووپا داگیر دەکات.

بێ چوونە ناو وردەکاری، نازییەکان ساڵی ١٩٤٠، هەردوو وڵاتی دانمارک و نەرویجی دراوسێی سویدیان داگیرکرد و ستۆکهۆڵم ڕاستەوخۆ کەوتە ژێر هەڕەشەی هیتلەر، هەر جووڵەیەکی هەڵە، سوید وێران دەکرێت لە لایەن سوپای زەبەلاح و بێ بەزەیی نازییەکانەوە.
سوید دڵی لە لای هاوپەیمانانە بە سەرکردایەتی بەریتانیا، زەندەقیشی لە ئەڵمانیا چووە و دەبێت ژیرانە مامەڵە بکات و هەڕەشەی نازییەکان هاتۆتە بەر دەرگا!.

ئەڵمانیا دوو مەرجی هەیە بۆ سویدییەکان، یەکەم: دەستیان بگات بەو خامە زۆر و زەوەندی ئاسن کە لە کانەکانی باکووری سویدەوە بەرهەم دەهێندرێن و دەبێت بەردەوام بگوازرێتەوە بۆ ئەڵمانیا، چونکە پیشەسازیی سەربازی ئەلمانیا پێویستی پێیەتی بۆ بەردەوامبوونی جەنگ. دووەم: سوید دەبێت هاریکار بێت لە گواستنەوەی سەربازان و چەک و تقاقی سەربازیی ئەڵمانی بۆ نەرویج و فینلاند هتد....سوید لە ترسی داگیرکاری، ناچارە و بە هەردوو مەرجی تاڵ ڕازییە. بەهۆی بێلایەنی لەو جەنگە کاولکارییە سوید بوو بە پەناگەی دەیان و سەدان هەزار ئاوارە لە ئەوڕوپادا.....
ساڵی ١٩٤٠ زانای ماتماتیکی سویدی و پرۆفیسۆری زانکۆی ئوپسالا (Arne Beurling) بە تەنها توانی هاوکێشەی شکاندنی کۆدی ئامێری (Siemens and Halske T52) کە سوپای ئەڵمانیا بەکاری دەهێنا بۆ پەیوەندیکردنی سەربازیی کۆد و شەفرە کراو. ئەو زانیاریانەی ئەڵمانییەکان بۆ سوپایەکەیان دەنارد لە نەرویج، هەمووی لە ڕێگای زانا (Arne Beurling) شەفرەی لەسەر لا دەچوو و پێشکەشی حکومەت و سوپای سوید دەکران. ئەو زانیارییانە ڕۆڵێکی گرینگیان هەبوو بۆ سویدییەکان کە خۆیان بگونجێنن و لە شەڕ و بەڵای ئەڵمانییەکان خۆیان و وڵاتەکەیان بپارێزن.
وەک هەمیشە، پیشەیەکی باوی ئەمریکییەکانە کە هەموو عەقڵە دەگمەنەکانی جیهان بۆ خۆیان دەبەن، دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، زانا (Arne Beurling) بردرایە ئەمریکا و ساڵی ١٩٤٨ لە زانکۆی ناوداری ئەمریکی هارڤارد کرا بە پرۆفیسۆر. لە ساڵی ١٩٥٥ لە پەیمانگای (Institute for Advanced Study) لە دوای هارڤارد، لەوێش دەبێت بە پرۆفیسۆر. بۆ ڕێزلێنان لەو زانا گەورەی جیهان، پەیمانگای ناوبراو لە ویلایەتی نیو جێرسی، بۆ کارکردن، هەمان ئەو ئۆفیسەیان پێشکەشکرد کە ئەلبێرت ئاینشتاین پێشتر کاری تێدا کردووە.