حەیدەر عەلیێڤی باوک چ وەسیەتێکی کرد بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ڕووسیا؟ ئێستا ڕێککەوتنی ئازەرییەکان و ئەرمینییەکان، بە سپۆنسەری ئەمەریکا چی کاردانەوەیەکی مۆسکۆ بە دوای خۆیدا دەهێنێت؟
ساڵی 1997 چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی لەگەڵ ژمارەیەك پسپۆڕی جیهانی و ئیقلیمی و سەركردەكانی كۆمپانیای نیشتمانیی ئازەربایجان دەربارەی ئایندەی پیشەسازیی نەوتی ئازەربایجان لە وتووێژێكی گەرم و چارەنووسسازدا بوون.
گرنگترین خاڵی وتووێژ بریتی بوو لە بڕیاردان لەسەر رێڕەوی لوولەی نەوتی ئازەربایجان. ئایا لوولەی نەوتی ستراتیجی بەرەو باكوور و بەناو خاكی روسیادا بڕوات كە وڵاتێكە هەمیشە بیری هەیمەنەی كۆنی یەكێتی سۆڤیێتی لە خەیاڵدایەو ئازەربایجان وەك وڵاتێكی پاشكۆی خۆی سەیر دەكات، یان بژاردەی دووەم كە بریتییە لە رێڕەوی رۆژئاوا و بە خاكی جۆرجیادا تێدەپەڕێت بەرەو جەیهانی توركی؟
هەر رێڕەوێك سوود و مەترسی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و پێویستە بڕیار لەسەر یەكێكیان بدرێت و بخرێتە بەردەم سەرۆكی ئەوكاتی ئازەربایجان، حەیدەر عەلیێڤ.
عەلیێڤ، كۆنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی سۆڤیەت و شارەزا لە بازنە شاراوەكانی حوكمڕانیی روسیا و گەمە هەستیارەكان، یەك پرەنسیپی گەورەی كردبووە دروشمی حوكمڕانیی ئەو وڵاتە تازە لەدایكبووەی قەوقاز، ئەویش بریتی بوو لە سیاسەتی پەراوێزنەخستن و بریندارنەكردنی وڵاتانی دراوسێ، لە سەرووی هەمووشیانەوە دەوڵەتی روسیا.
راوێژكارێكی دووربینی نێو گفتوگۆكان، لە ژێر كاریگەریی دیدی حەكیمانەی حەیدەر عەلیێڤ، پرسیاری كرد: بۆ دەبێت لەم دوو رێڕەوە یەكێكیان هەڵبژێرین؟ بۆ نابێت هەردوو لوولە رابكێشین؟ ئایا راكێشانی هەردوو لوولە وا ناكات كە ئازەربایجان دەرگای زیاتری لەبەردەم بكرێتەوەو بژارەی زیاتری بكەوێتە بەردەست لە كاتی بڕیاردانی چارەنووسسازدا؟ هەروەها ئەمە وا ناكات ئازەرییەكان وابەستەی یەك لایەن نەبن و گرنگترین ئامانج لە ئاسایشی وزە كە هەمەلایەنكردنی رێڕەوەكانە، بپێكن؟
كاتێك پلانەكەیان خستە بەردەم سەرۆك عەلیێڤ، بە خێرایی بڕیاری دا كە یەكەمجار دەست بە بنیاتنانی لوولەی ئازەربایجان- روسیا بكەن.
هۆشداریی دایە هەموو لایەك كە هەموو رێگاچارەیەك بۆ هەناردەكردنی نەوتی ئازەربایجان ئاوەڵایە. هەموو شتێك دەكەین بۆ پێكانی ئەم ئامانجە تەنیا یەك شت نەبێت، ئەویش ئیستیفزازكردنی روسیایە كە هەرگیز نایكەین.