دێژاڤوو (پێشتر بینراو)، دیاردەی ھەستکردنێکی بەھێزە لە لایەن مرۆڤەوە، بەوەی ڕووداوێک کە ئێستا ڕوودەدات پێشتر بینراوە و لە ڕابردوودا هەستمان پێ کردووە.
نووسەری ئەمەریكی هێلێن كیلێر: تەنیا یەك شت هەیە لە كوێربوون خراپتر بێت لە ژیاندا، ئەویش ئەوەیە كە چاوت هەبێت، بەڵام روئیات نەبێت بۆ ئایندە.
ئەوەی ڕوو دەدات لە نێوان هەرێم و بەغدا تەنها کورتبینەکانی شۆک کردووە…..حاشا، ئەوانەی مێژوو دوور لە هەست و سۆز و چاویلکەی کوردانە دەخوێننەوە، هیچ شۆک نین و ئەو پێشهاتانەیان وەک ڕۆژی ڕووناک لە بەرچاو بووە…….
ئەو کۆلکە ڕاوێژکارە ئێستا شۆکە، دە ساڵ پێش ئێستا کاتێک لە لەندەن لە بەردەم سەدان ئامادەبوو و خەڵکی نوخبەی سیاسی و سەرکردەکانی پیشەسازیی نەوت، پڕ بە گەرووی هاواری دەکرد، کۆمپانیای نیشتیمانی هەرێممان بۆ چییە، گرینگ گۆڕینی نەوتە بۆ کاش.
ئەو دوو کۆلکە کوردە شۆکن کە ساڵی ٢٠١٠ لە ئەمریکا بە سەرۆکی کۆمپانیایەکی ئەمریکییان گوتبوو، ئەگەر ئەندازیار یان زەویناستان ویست بۆ پرۆژەکانتان، لە بڕی کورد، تورک بهێنن….ئەو کەسانە شۆکن کە لە بڕی “شەش هەزار” جۆری بەرهەمی پێترۆکیمیایی، تەنها نووساون بە چوار موشتەققاتی نەوتی خام: بەنزین، دیزل، نەوتی سپی و بڕێکی کەم لە گازی سروشتی.
ماوەیەک پێش ئێستا هاوڕێیەکی عەرەبم توێژینەوەیەکی بۆ ناردم کە چەند زانایەکی ئەڵمانی ئەنجامیان دابوو، لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە مێشکی ئەو کەسانەی بە عەرەبی قسە دەکەن بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر و تێکهەڵکێشتر کار دەکات، بەراورد بە ئەوانەی کە عەرەبی نازانن. من ئەوە هاتەوە خەیاڵم کە کورد زۆر سەرکەوتوو نەبووە لە خوێندنەوەی زهنی عەرەب، هەر بە تەنها (فعل و فاعل و مەفعول بە) بزانیت، ناتکات بە “عەرەبیزان”، بە هیچ شێوەیەکیش ناتکات بە “عەرەبناس”.
سەرۆک (بوش)ی باوک دەیزانی نە “عەرەبیزانە”، نە “عەرەبناس”یشە، هەر بۆیە هانای بۆ چەند دەروونناسێکی عەرەب برد کاتێک لێیانی پرسی: چی بکەم بۆ ئەوەی سەدام حوسێن لە کوێت نەکشێتەوە؟. سەرۆک بوش مەبەستی بوو کە پاساوی بە دەستەوە بێت تاوەکوو لە ڕێگای گورزی سەربازییەوە سەدام تەمبێ بکات. دەروونناسە عەرەبەکان بە سەرۆک بوشیان گوتبوو، هیچی دی مەڵێن سەرۆک سەدام حوسێن، هەر بڵێن سەدام، بۆ ئەوەی ئیستیفزاز بێت.
سەرباری ئەجێندای شۆڤێنی هەندێک لە لۆببیە دەستڕۆیشتووەکانی بەغدا، بەشێک لە نەهامەتییەکانمان، کەمووکورتیمانە لە تەعامول کردنی لۆجیکی و تاکتیکی لەگەڵ عەقلییەت و دەروونی عەرەب…..
ئاشتی هەورامی، “بلیمەت” لە پیشەسازی نەوت و “سادە” لە سیاسەتکردن و عەرەبناسی، زوو زوو دەیگوت، ئەگەر شەهرستانی پێویستی بە ڕاوێژ هەیە، ئێمە ئامادەین ڕاوێژ بدەین بە وەزارەتی نەوتی عێراق!….