لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لاوێکی عێراقیی خەڵکی بەسرا، جۆشدراو بە نوێترین زانستی زەویناسی لە زانکۆی ئیمپریال کۆلیجی لەندەنەوە دەگەڕێتەوە عێراق.
ئەلقاسمی بە ھۆی لێھاتوویی و زانستە قووڵەکەی لە بواری زەویناسی و نەوتدا، دەبێتە ناوێکی دیار لە پیشەسازیی نەوتی عێراقدا. هاوسەرەکەی ئافرهتێكی نهرویجییە. بههۆی نهخۆشیی منداڵهكهیان لە کۆتایی شەستەکاندا و لەسەر داوای ھاوسەرەکەی دهست لە کارەکەی هەڵدەگرێت له كۆمپانیای نهوتی عێراقی بە ناچاری کۆچ دەکات بۆ نهرویج.
ئەلقاسمی لە کارمەندێکی گرنگ و مەزنی کۆمپانیای نەوتی وڵاتەکەیەوە دەبێتە غەریبێکی دوورەوڵاتی بێکار لە وڵاتێکی ساردی کەمدەرفەت و کەمدەرامەت، بەڵام هەوڵ دەدات دڵە گەرمە بەسراییەکەی بێئومێد نەبێت و چاوەکانی هەر ڕووەو ئاسۆ دەبن.
لە ڕۆژێکی مانگی مایسی ساڵی ١٩٦٨دا، کاتێکی کەمی لەبەردەست دەبێت پێش ئەوەی لەگەڵ شەمەندەفەرەکەی ئۆسلۆی پایتەخت بەجێبێڵێت، دەرفەت دەقۆزێتەوە و لە دەرگای وەزارەتی پیشەسازیی نەرویج دەدات و خۆی دەناسێنێت و داوای کار دەکات. ئەو ژمارە کەمەی کارمەندانی وەزارەت وەک ئەوەی هەنگوینییان لە کونەدار دۆزیبێتەوە، باوەشیان بۆ کردەوە. نەرویج دوای چەندین بیری وشک و ھەرەسھێنان و نائومێدبوون لە دۆزینەوەی نەوت لە دەریای باکووری وڵاتەکەیاندا، بە خێرایی داتا و زانیارییەکانی چەند بیرێکی نەوتیان خستە بەردەستی زەویناسە عێراقییەکە. کۆمپانیای ناوداری ئەمریکا (کۆنۆکۆ فلیپس) بیرە نەوتەکانی ھەڵکەندبوون. فاروق ئەلقاسمی دەستی بە شیکارکردنی داتاکان کرد، نەخشە و لێکدانەوەکانی ئامادە کرد، ھەموو ئەو کارانەشی بە دەستی خۆی ئەنجامدان، ئاخر ئەو سەردمە لە ئەوڕوپاش باوی کۆمپیوتەر نەبوو!
ساڵ و نیوێک بەر لەوەی ئەمریکییەکان ڕاپۆرت بدەنەوە حکومەتی نەرویج، فاروق مژدەی بە ھەموو خەڵکی نەرویج دا کە نەوتێکی زۆروزەوەند لە ژێر دەریای باکووری نەرویجدا قەتیس بووە و زەنگی لەدایکبوونی زلھێزێکی نوێی پیشەسازی نەوت و گازی لە ئەوڕوپادا لێدا.
له سهرهتای حهفتاكاندا ئەلقاسمی و ھاوڕێکانی پلانێكی ستراتیجیان داڕشت بۆ لێكجیاكردنهوهی دهسهڵاتهكان و شێوازی مامهڵهكردن لهگهڵ داهاتی نهوت. ئەلقاسمی ڕۆڵێکی گرنگی لە دامەزراندنی سندووقی داھاتەکانی نەوت بینی و ھۆشداری دا کە نابێت نەرویج بە دەردی ھۆڵەندا بچێت و تووشی دەردی کوشندەی نەخۆشی ھۆڵەندی ببێت.
ئەلقاسمی و ھاوڕێکانی، حکومەتی نەرویجیان ناچار کرد کە کۆمپانیای ستات ئۆیەل دابمەزرێنێت کە ئێستا نەک ھەر لە نەرویج، بەڵکوو لە سەرتاسەری جیھاندا کاری دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەکات و سەرچاوەی سەرەکی خێروبێری وڵاتە.
نەرویج لە وڵاتە دەگمەنەکانی جیھانە کە سێ کوچکەی نەوت و گەشەی ئابووری و دیموکراتی، دانوویان پێکەوە دەکوڵێت. سندووقی داھاتەکان، دەمێکە سنووری تریلیۆنێک دۆلاری تێپەڕاندووە و بە یەکێک لە زەبەلاحترین سندووقەکانی داھات دەژمێردرێت لە جیھاندا. ساڵی 2012، پاشای نهرویج، ناونیشانی (سوارچاك)ی بەو پیاوە دەگمەنەی پیشەسازیی نەوتی جیھان بەخشی له بهرامبهر ئهو خزمهته مهزنه مێژووییهی پێشكهش به نهرویجی كرد. ھەندێک لە چاودێران دەڵێن، فاروق ئەلقاسمی ئەو پیاوەیە کە نەرویجی لە بەڵای نەوت پاراست!
هاوڕێ مەنسوربەگ


