لە بەڕازیل وتەیەکی باو هەیە ڕۆژانە خەڵکەکەی بەکاری دەهێنن و زوو زوو دەڵێن ‪‘’‬هەر بۆ ئەوەی ئینگلیزەکان بیبینن‪’’‬.
بنچینەی ئەو دەستەواژەیە لەوەوە هاتووە کاتێک لە ساڵی ١٨٠٧ بەریتانیا یاسایەکی دەرکرد

کە داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکات کەوتوونەتە ناو چوارچێوەی هەژموونی خۆی، کە بازرگانیکردن بە کۆیلە ڕەشپێستەکانی ئافریکا بنەبڕ بکەن. ساڵی ١٨١٠ بەریتانیا واژۆی ڕێکەوتنێكی کرد لەگەڵ پورتوگال کە گواستنەوەی کۆیلە لە ئافریکاوە ڕابگرێت بۆ بەرازیل کە ئەو سەردەمە لە ژێر ڕکێفی پورتوگالدا بوو.
بەرازیل ساڵی ١٨٢٢ سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و چیتر لە ژێر چەپۆکی پورتوگال نەما. بەرازیلییەکان پێویستییەکی زۆریان بە بەریتانیا هەبوو تا دان بە وڵاتەکەیاندا بنێت.
یەکێک لەو مەرجانەی بەریتانیا خستییە سەر بەرازیل بۆ دانپێدانان بەو وڵاتە نوێیە، جێبەجێکردنی یاسای بنەبڕکردنی بازرگانیکردن بوو بە کۆیلە لە ئافریکاوە.
بەرازیل هەر بۆ نمایشکردن، کەشتی بڵاوەپێکرد لە کەناراوەکانی خۆیدا و گوایە ڕێککەوتن لەگەڵ بەریتانیا جێبەجێ دەکات و ڕێگا لە هاتنی کۆیلە دەگرێت. بەڵام بازرگانیکردن بە کۆیلە هەر بەردەوام بوو، بگرە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند. کەشتییەکان کە بۆ بنەبڕ کردنی بازرگانیی کۆیلە لە زەریای ئەتڵەسیدا بڵاوەیان پێکرابوو، هەر بۆ دڵخۆشکردن و ڕازیکردنی بەریتانیا بوو بەڵام چاویان دەنووقاند کاتێک قاچاخچییەکانی کۆیلەیان دەبینی لە ئافریکاوە بە لێشاو دەهاتن. هەر بۆیە زۆر باوە لە بەرازیلدا، ئەگەر شتێک تەنها بۆ نمایش و پشاندانی ڕووکەشێکی جوان بێت و لە ناوەڕۆکدا هیچ قووڵاییەکی نەبێت و پووج بێت، بەرازیلییەکان دەڵێن‪:‬ ‪‘’‬هەر بۆ ئەوەی ئینگلیزەکان بیبینن‪’’‬.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێک لە شتەکان، هەر بە تەنها ڕووکەشن و ناوەڕۆکەکانیان لەرزۆک و بەتاڵن….