لەو کاتەی مرۆڤێکی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ی سادە چیرۆکی ئەوە دەخوێنێتەوە کە پاشای بابلییەکان ( نەبوخەزنەسر) جوولەکەکانی خستۆتە ناو چاڵە ئاگرینەکانی باباگوڕگوڕ، بە دیدێکی تایبەت بەخۆی لەو ڕووداوە دەڕوانێت. ھەمان ھاوڵاتی سادە، ھەستی شانازی دایدەگرێت کاتێک دەبیستێ کە خەڵکی کەرکووک-میسۆپۆتامیا، ڕێگا لە خۆڵ دروستکراوەکانیان بە نەوت سواق دابوو بۆ ڕازاندنەوە و سەرسام کردنی (ئەلێکساندەری مەزن) کاتێک بەوێدا تێپەڕی لە پرۆسەی گەڕان بە دوای سەرکردەی شکستخواردوو، داریووشی سێیەمی فارسەکان.
بەڵام، کاتێک زەویناسە بە ئاگا ئەڵمانییەکان، لە سەرەتای سەدەی بیستەم ئەو ڕووداوانەی (نەبوخەزنەسر) و (ئەلێکساندەری مەزن) شی دەکەنەوە، چێژ و شانازی ساویلکەییانە دایانناگرێت… ئەوان بە دوای پرۆژەی سەدەدا دەگەڕێن….سەرباری ئەو چیرۆکە ئەفسانەئاساییانە، چاوێک بەو ڕاپۆرتانەدا دەخشێننەوە کە ئەندازیارانی ڕێگەی ئاسنینی ئەڵمانیا ئامادەیان کردبوو بۆ پرۆژەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.....ھاوکات زەویناسە ئەڵمانییەکان بە قووڵی چووبوونە ناو بنج و بناوانی بیردۆزەی “چینە بەردە چەماوەکان”، کە وانەیەکی ئەمریکایی بوو بۆ ھەموو جیھان: “نەوت لەو شوێنانە کۆ دەبێتەوە کاتێک چینە بەردەکان لە ژێر زەویدا چەماونەتەوە”......ئەڵمانییەکان بە خێرایی گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە ناوچەکانی خوار چیاکانی زاگرۆس، لێوان لێون لەو شوێنانەی کە چینە بەردەکان تێیاندا چەماونەتەوە، هەربۆیە، ناوچەکە دەبێت لە سەر دەریای نەوتدا لەنگەری گرتبێت......
ئەڵمانیا پێشنیار دەکات بۆ سوڵتانی عوسمانی کە هێلی ئاسنین بەرە و بەغدا ڕابکێشێت، بەڵام بۆچی بەغدا؟ لەو سەردەمەدا قاتوقڕی بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بوو، دەبێت چی وا لە ئەڵمانیا بکات خۆی بخزێنێتە ناو پرۆژەیەکی ئاوا ئالۆز و زەبەلاح کە سەرمایەیەکی خەیاڵیشی پێویستە….
ئەندازیار و زەویناسانی ئەڵمانیا، وانەیان لە خانەوادەی بلیمەتی (نۆبڵ)ی سویدی پێ گەیشتبوو کە ئەوکات ئەو خانەوادەیە خەریکی هێنانەئارای پیشەسازی نەوت بوون لە باکۆی ئازەربایجان……وانەکەش ئەوە بوو کە بۆ ئەو سەردەمە، پێش داهێنانی کەشتیی بارهەڵگری نەوت و لە دایکبوونی بەندەرە پێشکەوتووەکان، باشترین هۆی گواستەنەوەی نەوت، شەمەندەفەرەکانن…..
بەریتانیا بە گومانێکی قووڵەوە دەڕوانێتە ئەو هەنگاوەی ئەڵمانیا، ڕق و کینە لە ناخیدا بەرامبەر پرۆژەی هێلی ئاسنینی بەرلین-بەغدا، پەنگی خواردووە…تا دێت ڕقی لەندەن بەرامبەر بەرلین ئەستوورتر دەبێت……بەریتانیا گومانی هەبوو، پرۆژەکە زۆر لەوە فراوانترە و ئەڵمانیا بە نیازە تا سەر کەنداوی فارسی\عەرەبی پەل بهاوێژێت.
ساڵی ١٩١٢، یەکێک لە گرینگترین رووداوە زانستییەکانی سەدەی بیستەم ڕوویدا، ئەویش ئەوە بوو کەشتییەکانی بەریتانیا، بە تەکنەلۆجیایەکی نوێوە هاتنە مەیدان، لە بڕی خەڵووز، وزەی نەوتیان بەکار هێنا….بەو هۆیەوە کەشتییەکان چوست و چالاکتر و کاریگەرتر دەرکەوتن، هەژموونی خۆیان بەسەر داریای باکووردا سەپاند…..بەڵام ئەو هەژموونە پێویستی بە نەوت هەیە بۆ ئەوی بەردەوام بێت. بەریتانیا وڵاتێکە دەوڵەمەند بە خەڵووز نەوەک نەوت. بۆیە پێویستە دەستی بگات بە نەوت و هیچ شوێنێکیش هێندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاو نییە کە ئەو نەوتە بە بەریتانیا ببەخشێت بۆ مانەوەی هەژموونەکەی لە جیهاندا……
ساڵی ١٩١٢، بە پلانی سەرمایەدارە زەبەلاحەکەی ئمپراتۆرییەتی عوسمانی و جیهان، (گوڵبەنکیان)ی بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی، کۆمپانیای نەوتی تورکی دادەمەزرێت……
مەبەستی سەرەکی گوڵبەنکیان لە دامەزراندنی کۆمپانیاکە دۆزینەوەی نەوت بوو لە میسۆپۆتامیا و ویلایەتی موسڵ (کە کەرکوکیش لە خۆیدا دەگرێت)..
ئەو ڕاستییە تاڵەی کە بەریتانیای تووشی هیستیریا کرد ئەوە بوو کە پشکێکی گەورەی کۆمپانیا تورکییە نوێیەکە لە لایەن (دۆیچە بانك)ی ئەڵمانییەوە خاوەندارێتی دەکرا…..
لە لایەک ئەڵمانیا بە نیازی هێلی ئاسنینە بۆ گواستنەوەی نەوتی میسۆپۆتامیا، لە لایەک کۆمپانیای تورکی بە پارەی ئەڵمانیا دامەزراوە و ئامادەیە نەوت بدۆزێتەوە. لە هەمان کاتیشدا کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا تینووی وزە نوێیەکەیانن کە ئەویش نەوتە، هەژموونی سەربازی و دەریایی بەریتانیا و فەرەنسا کەوتۆتە مەترسییەکی گەورە…..بەریتانیا و فەرەنسا ئۆقرەیان لێ بڕا بوو، لە هەنجەتێک دەگەڕێن جەنگ لە دژی ئەڵمانیا هەڵبگیرسێنن….
(فرانز فێردیناند) شازادەی ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩١٤ لەگەڵ هاوسەرەکەی لە شاری سەرایڤۆی بۆسنە (ئەوکات بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا) لەلایەن ناسیۆنالیستێکی سربی، تیرۆرکران.
ئەم ڕووداوە توڕەیی زۆری لە ئیمپراتۆرییەتی نەمسا-هەنگاریا دروست کرد و لە ٢٨ی تەمموزی ١٩١٤ شەڕیان لەگەڵ سربیا ڕاگەیاند.
ئەم جەنگە ‘’کاریگەری دۆمینۆی’’ لێکەوتەوە بەهۆی تۆڕێکی ئاڵۆزی هاوپەیمانییەکان کە لە نێوان زلهێزە گەورەکانی ئەوروپادا دامەزرابوو. ڕووسیا بۆ پشتیوانی لە سربیا هاتە ناو جەنگەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا شەڕ لە دژی ڕووسیا ڕابگەیەنێت. پاشان فەرەنسا لە دژی ئەڵمانیا و نەمسا-هەنگاریا هاتە ناو جەنگ. ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر بەلجیکای بێلایەن بۆ ئەوەی دواتر بگاتە فەرەنسا. دواجار، بەریتانیا پاساوی دەستکەوت و جەنگی لە دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند.
بەم شێوەیە تیرۆرکردنی (فرانز فێردیناند) ئەو پریشکە ئاگرە بوو کە بۆمبی گرژییە کەڵەکەبووەکانی تەقاندەوە و بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم.
لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ و سەرکەوتنی بەریتانیا و فەرەنسا، وەک ئاماژەدانێک بە چوستی و چالاکیی کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا بە هۆی بەکارهێنای وزەی نەوت لە بڕی خەڵووز، (لۆرد کورزۆن) وەزیرەی دەرەوەی بەریتانیا گوتی: “هاوپەیمانان لە سەر شەپۆڵی نەوتدا گەیشتنە ئامانجی سەرکەوتن…