زانای ئەمریکی لویز ئەلڤارێز کە ساڵی ١٩٦٨ خەڵاتی نۆبڵی لە فیزیا وەرگرتووە (دەستەچەپی وێنە)، لە دەستەڕاستی وێنەکەشدا کوڕەکەی وۆڵتەر ئەلڤارێزی زانای زەویناسییە.
باوک و کوڕ دەستیان خستۆتە سەر چینێکی تەنک لە بەردی قوڕین کە هەردوو چینی بەردی کلسی خوارەوە و سەرەوە لە یەک جیا دەکاتەوە. ئەو چینە قوڕەی ناوەڕاست پڕیەتی لە توخمی ئیریدیۆم (Ir)، ئیریدیۆم یەکێکە لە چڕترین توخمەکان کە لە سروشتدا ناسراوە و بە شێوەیەکی گشتی لە ناو ئەو بەردانەدا هەن کە بە میتیۆرایت ناسراون و لە بۆشایی ئاسمانەوە بەرەو زەوی دێن و بەری دەکەون.
هەردوو زانا بیردۆزی (لەناوچوونە مەزنەکە)یان داهێنا و ڕایانگەیاند کە هۆکاری بوونی توخمی ئیریدیۆم بەو شێوە چڕوپڕە لە ناو ئەو بەردە قوڕینەدا دەگەڕێتەوە بۆ ٦٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، کاتێک بەردێکی زەبەلاح لە بۆشایی ئاسمانەوە بەر زەوی دەکەوێت. بەرکەوتنی ئەو تەنە بە زەوی، یەکێکە لە ترسناکترین ئەو ڕووداوانەی کە گۆی زەوی، بەر لە بوونی مرۆڤ دووچاری هاتووە . سەرەڕای گەورەترین بوومەلەرزە و بەرزترین شەپۆلی سونامی و لافاوی زەبەلاح، ئەو تەپوتۆزەی کە بەشێکی زۆری گۆی زەوی گرتەوە، ساڵەهای ساڵ ڕێگر بوو لە گەیشتنی تیشکی خۆر بۆ زەوی و بە هۆیەوە ژمارەیەکی بێکۆتا لە بوونەوەر لە سەر زەوی لەناوچوون. لە هەر هەموو بوونەوەرەکانیش بەرچاوتر کە کۆتایی بە بوونیان هات، دایناسۆرەکانن.
لویز ئەلڤارێز هێندەی بە بیردۆزی (لەناوچوونە مەزنەکە) ناوی دەرکرد لە جیهاندا، هێندە بە خەڵاتی نۆبڵی فیزیا نەناسراوە.
بەردەکە لە ناوچەکانی دەریای کاریبی و کەنداوی مەکسیک لە کیشوەری ئەمریکا بەر زەوی کەوتووە، وێنەی چینەبەردە قوڕینەکە کە دەوڵەمەندە بە توخمی ئیریدیۆم، لە ناوچەی (گوبیۆ)ی وڵاتی ئیتالیایە.
بیردۆزەکە لە ساڵی ١٩٨٠ دا بە فەرمی ناسێنرا.