بەشێک لەو مەترسییانەی کە مرۆڤایەتی و ژیان بەرەو هەڵدێر دەبەن…

1. ساڵی ٢٠٢١ ڕاپۆرتی گۆڕانی کەش و ھەوای نەتەوە
یەگرتووەکان جیھانی سەرتاپا سەرقاڵکرد. بە کورتی: زەوی بە ڕێژەیەکی خێراتر بەرەو گەرمبوونەوە دەچێت و ڕەنگە کار لە کار ترازابێت بۆ پێچەوانەکردنەوەی یاخود خاوکردنەوەی ڕێڕەوی گەرمبوونەوەکە.

2. بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لە خەو ھەستانی گازی “میسان ھایدرەیتی بەستوو” وە تێکەڵبوونیان بە بەرگەهەوای زەوی. ئەو گازانە بە گشتی لە ژێر خاکی سیبیریا و جەمسەری باکوور بوونیان هەیە، هەندێک لە توێژینەوەکان وا نیشان دەدەن کە مەترسییەکانی “میسان ھایدرەیتی بەستوو” لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیش گەوروتر بێت و گەرمبوونەوەی زەوی زۆر خێراتر دەکەن.
3. ساڵی ٢٠٢١ تۆمارکردنی گەرمترین مانگی تەمموز بوو لە جیهان لە ساڵی ١٨٨٠ەوە زەوی گەرمای وای بەخۆیەوە نەدیبوو. لەو ساڵەدا گڕگرتنی دارستانەکان لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوڕوپا و ئەمریکا دیاردەی جیهانی ناخهەژێن بوون. سووتان و وێرانبوونی دارستانەکان بەردەوام دەبن.
4. خاوبوونەوەی لوولەی ھەناسەی زەریاکان کە لە باشووری گۆی زەویەوە ئاوی گەرم ھەناردەی جەمسەری باکوور دەکات و لە سەھۆڵبەندان دەیپارێزێ، لە باکووری زەویش خۆراک دەھێنێتەوە ئۆقیانۆسەکان بۆ ھەزارەھا جۆر بوونەوەری دەریایی. بە کورتی مەترسی نەمانی خۆراکە دەریاییەکان بۆ مرۆڤ و گیانەوەرە دەریاییەکان هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر تەواوی سیستەمی ئیکۆلۆجی زەوی.
5. ژەھراوی بوونی ژینگە و وشکەساڵی و کورتھێنانی ئاوی خواردنەوە لە بەشێکی زۆری گۆی زەوی و ڕێخۆشکردن بۆ شەڕ و ئاژاوەی کاولکار لە نێو وڵاتاندا.
6. بڵاو بوونەووی نەخۆشی و پەتا و دروستبوونی خۆپەرستی میللەتان. لە پێناو مانەوەی خۆیاندا، هەندێک لە وڵاتان لە سەر و بەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بە شێوازی چەتەگەری ڤاکسین و ماسک و پێداویستی پزیشکییان بۆ وڵاتانی خۆیان دابیندەکرد.
7. کەمبوونەوەی خۆراک و زیادبوونی تۆقێنەری ژمارەی دانیشتوان و ئەجێندای شاراوەی ھەندێک زلھێزی شاراوەی وەک چین کە چەند ساڵێکە “سیاسەتی یەک منداڵ بۆ هەر خێزانێک” کۆتایی پێهاتووە.
8. زیادبوونی تەکنەلۆجیای سەربازی درەون و رۆبۆتی ھۆشمەند بە شێوەیەکی تۆقێنەر کە دەتواندرێت پرۆگرام بکرێن بۆ کوشتنی مرۆڤ و نەیارەکانی یەکدی کاول کردنی هەر شوێن و ئامانجێک لە ماوەی چاوترووکانێکدا.
9. تاوانی سایبەری لە ڕێگای ئەنتەرنێت و هاککردنی دەزگا سەربازییەکان و وێستگە ئەتۆمییەکان و دروستکردنی پشێوی و لێکحاڵینەبوون کە ئەگەری پێکدادانی ئەتۆمی لە نێوازن زلهێزەکان زیاد دەکان.
10. بە دیجیتالیکردنی سەرجەم جومگەکانی ژیانی ڕۆژانە و پاشەکشەی ڕۆڵی مرۆڤ و هەستی مرۆڤانە لە پرۆسیجەر و ڕێکاری خەستەخانەکانە و زانکۆ و بانک و دادگا و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکاندا کە دەبنە هۆکاری درووستبوونی نەوەیەکی نوێ لە مرۆڤ کە پتر بە کۆدی کۆمپیوتەرەکانەوە جۆشدەدرێن و ئاڕاستە دەکرێن نەوەک هەستی مرۆڤانە.
11. پاشەکشەکردنی دیموکراتی و کاڵبوونەوەی بەهاکانی مافی مرۆڤ، بە جۆرێک کە پۆلیسی وڵاتان دەزانن ئێستا ژن و منداڵ لە سەرەمەرگدان و لە دەریاکان نقوم دەبن، خۆیان لێناکەن بە ساحێب لێدەگەڕێن بمرن.
12. زیندووکردنەووی یادەوەرییە تاڵەکانی جەنگی سارد و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان و مانگ و مەریخ و دروستکردنی سوپای تایبەت بە بۆشایی ئاسمان لە لایەن زلهێزەکانەوە. زلهێزەکان لە تارماییدا ئەجێندای فراوانخوازی و تاکڕەوانە و دەستبەسەرداگرتنی ژیانیان هەیە لە سەر زەوی و بۆشایی ئاسماندا.