10.4.2022

ساڵی ٢٠٢٠ حکومەتی دانمارک بڕیاری دا کە چیتر کار بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز نەکات و تا ساڵی ٢٠٥٠ هەموو جۆرە چالاکییەکی پشکنین و دەرهێنانی نەوت و گاز لە دەریای باکووری دانمارکیدا کۆتایی پێ بهێنێت.
یەکێک لە کۆمپانیا هەرەگرنگەکانی دانمارک و ئەوڕوپا (مێرشک) لە ساڵی ٢٠١٧دا کرایە قوربانی و فرۆشرایە کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی.


هەموو وڵاتانی ئەوروپا پشتئەستوور بوون بە پرۆژەی نۆردستریم٢ کە گوایە گازێکی خاوێن و بێ کێشە لە ڕوسیاوە دێت و هیچ پێوستییان بە سیاسەتی وزەی لۆکاڵیی خۆیان نابێت.
دیارە ئەو جۆرە سیاسەتانە لە ژێر فشاری پارتەکانی دۆستی ژینگە دادەڕێژرێن. خەیاڵپڵاویی وزەی (ئەلتەرناتیڤ و نوێبووەوە)ش لەولاوە بوەستێت کە هەمیشە سیاسەتوانانی ئەوروپا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وەک کارتێک گەمەی پێدەکەن و بەڵێنی ئاڵ و واڵا بە جەماوەرەکانیان دەدەن گوایە ’’سەردەمی نەوت و گاز بەسەر دەچێت و جیهان دەپارێزن لە هەڕەشەی لەناوچوون بەهۆی گەرمبوونەوەی زەوی!’’ بەڵام پەلاماری ڕوسیا بۆ ئۆکرانیا، ئەوروپاییەکانی تووشی شۆکێکی گەورە کرد و لە پێش هەمووشیانەوە دانمارکی لە خەوێکی قووڵدا ڕاچڵەکاند.
ڕووسیا، دانمارک و وڵاتانی ئەوروپای ئاگادار کردۆتەوە کە تا کۆتایی ئەم مانگە دەبێت بە ڕۆبڵی ڕووسی پارەی گازی هاوردەکراو لە ڕووسیاوە بدەن نەک بە دۆلار و یۆرۆ...دەنا مۆسکۆ چیدیکە گاز نانێرێت.

لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکاندا، کە لە کۆتایی مانگی سێی ئەمساڵدا لە دوبەی بەسترا، عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری نەوتی سعودی گوتی: " ئەرێ خێرە لەوەتەی جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردوە، کەس باسی ژینگە و گەرمبوونەوەی زەوی ناکات؟ دەبێ بزانین، بە بێ بوونی ئاسایشی وزە، نە گەشەی ئابووری، نە پاراستنی ژینگە، هیچیان دەستەبەر نابن".

دوای سەد ساڵ لە بەڵێنی سیاسەتمەداران و سەد ساڵ لە توێژینەوەی زانستیی تۆقێنەر دەربارەی مەترسییەکانی بەکارهێنانی خەڵووز، کەچی تا ئێستا مرۆڤایەتی نەیتوانیوە بە تەواوەتی دەسبەرداری خەڵووز بێت، نەخاسمە نەوت و گاز. تا ئەمڕۆش خەڵووز بۆ چەندین وڵاتی گرنگ بە ئەمریکایشەوە، یەکێکە لە کاڵا ستراتیجییەکانی دابینکردنی وزە....
بۆیە پێم وایە دەبێت حکومەتی دانمارک بە بڕیارە کورتبینەکەی خۆیدا بچێتەوە و دەست بکاتەوە بە دۆزینەوەی نەوت و گاز لە سنوورە دەریاییەکانی خۆیدا.
بە دڵنیاییەوە دەڵێم تا پەنجا ساڵی دیکەش، سەرچاوەی سەرەکیی وزەی جیهان نەوت و گاز دەبێت.