
سەد ساڵ دوای لۆزان، هەمان ئەو یاریکەرە نێودەوڵەتییانەی لە کوردیان ڕانەدیت یەکگرتوو بن و بتوانن کیانێکی سیاسی و سەربازیی سەقامگیریان هەبێت، تا ویلایەتی موسڵیان ڕادەست بکەن، هەمان ئەو یاریکەرانە، ١٠ ساڵە هەوڵ دەدەن و ناتوانن یەکەکانی حەفتا و هەشتای هێزەکانی پێشمەرگە یەک بخەن……..
بەریتانیا لە ڕێگای بەڵێننامەی بەلفۆر، ساڵی ١٩١٧، بڕیاری دابوو کە دەوڵەتێک بۆ جولەکە دابمەزرێنن لە فەلەستین. ئینگلیزەکان دەزانن چ ئالنگارییەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت ئەو بەڵێنە. لە دوای سەرکەوتنیان بە سەر عوسمانییەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بەریتانیا، فەرەنسای ڕازی کرد کە ناوچەکانی ویلایەتی موسڵ تا دەگاتە فەلەستین لە ژێر هەژموون و ڕکێفی ئینگلیزدا بمێننەوە…..مەبەست بوو هەم ویلایەتی موسڵ هەم دەوڵەتە نوێیە پێشنیارکراوەکەی ئیسرائیل ئارام و سەقامگیر بن. خەونی ڕانەگەیەندراوی بەریتانیا ئەوە بوو کە لە ویلایەتی موسڵەوە نەوت بگەیەنێتە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست (فەلەستین/ئیسرائیل)، لەوێوە بەرەو بەریتانیای تینووی وزە….
لە دانیشتنەکانی لۆزاندا کێشەی ویلایەتی موسڵ یەکلا نەکرایەوە و بڕیار درا کەیسەکە بنێردرێت بۆ “کۆمەڵەی گەلان”. ئەوەی بەریتانیا و هاوپەیمانانیان سارد کردەوە، نەبوونی هیوایەک بوو، ئەو ویلایەتە (موسڵ) کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانیشی لە خۆ گرتبوو، سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، کۆدەنگییەک هەبێت لە لایەن خەڵکی ناوچەکە و ناوەندە جیاجیاکانی دەستەڵاتەکان. وردە وردە دەرکەوت کە هەویری ویلایەتی موسڵ ئاوی زۆر دەوێت و وا بڕوات بەریتانیا لە ئایندەدا هەر تاقەت و وزەی پاراستنی یەک دەوڵەتی دیکەی هەیە، ئەویش ئیسرائیلە، نەوەک کورد و کوردستانی پەرش و بڵاو.
ساڵی ١٩١٨، هەمان بەلفۆر کە بەڵێنی بە جووە (یەک دڵ و یەک دەست و ئەک ئامانجەکان) دابوو کە دەوڵەتیان بۆ دابمەزرێنێت، لە گفتووگۆیدا لەگەڵ (دەیڤید لۆید جۆرج)ی سەرۆک
وەزیران، سەبارەت بە ویلایەتی موسڵ دەڵێت: “گرینگ نییە چ سیستەمێک لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا بەرقەرار دەبێت، گرینگ ئەوەیە کە سەقامگیری هەبێت و نەوت بەردەست بێت”…..
ئێستاش بۆ ئەمریکا و بەریتانیا یەک شت گرینگە: سەقامگیری هەبێت و نەوت بەردەست بێت…..بە بێ بوونی سەقامگیری، نەوت کاڵایەکی بێ بەهایە……دوای سەد ساڵ، کورد نەیتوانیوە دوانەی لێکدانەبڕاوی “نەوت و سەقامگیری” پێشکەش بە هاوپەیمانەکانی بکات….