
ئەمریکا: بیردۆزەی چینەبەردە چەماوەکان لە دایک دەبێت، بە هۆیەوە زانا زەویناسەکان تێدەگەن نەوت لە کوێ کۆدەبێتەوە لە ژێر زەویدا….
بەریتانیا: ئەندازیاران، داهێنانی سەدە دەکەن، بە تەکنەلۆجیایەکی نوێ، لە بڕی خەڵووز، کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا، نەوت بەکاردێنن و چوست و چالاکی و توانستی شەڕکردنیا بە شێوەیەکی دراماتیکی بەرز دەبێتەوە…..
ڕووسیا: خانەوادە بلیمەتە سویدییەکە (نۆبڵ) لە باکۆی ئازەربایجانەوە داهێنان دەکەن، باشترین هۆکاری گواستنەوەی نەوت، هێلی ئاسنین و شەمەندەفەرە….
ئەڵمانیا: ئیلهام لە نۆبڵییەکان وەردەگرێت، پێشنیار دەکات هێلی ئاسنین لە بەرلینەوە ببات بۆ بەغدا، سوڵتانی عوسمانیی فەرمانڕەوا خۆشحاڵە، ساویلکەشە….ئەو هێزەی ئەڵمانەکان پەلکێش دەکات بچن بۆ بەغدا و ئەولاتریش، چینە بەردە چەماوەکانی باباگوڕگوڕە….ئیلهامێکی تێکەڵە، دەرس وەرگرتنە لە خانەوادەی نۆبڵ و زەویناسە ئەمریکاییە بلیمەتەکانی خاوەن بیردۆزەی چینەبەردە چەماوەکان…..
ئەستەنبوول: کۆمپانیای نەوتی تورکی دادەمەزرێت بە پارەی زەبەلاحی (دۆیچەبانک)ی ئەڵمانی، لە سەر دەستی یەکێک لە ژیرترین پیاوەکانی سەدەی بیستەم: (گوڵبەنکیان)ی بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی، کە یاری بە هەموو یاریکەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات و بە بێ چەک و تفاقی جەنگ، تەنها بە مەعریفە و ژیرییەکی موعجیزەئاسا، پشتی زلهێزەکان لە ئەرز دەدات….
لۆزان زادەی هەڵوومەرجێکی نێودەوڵەتی ئێجگار ئاڵۆزی سیاسی، زانستی، جیۆپۆلیتیکی، جیۆلۆجی و جوگرافی بوو….ئەوانەی ئێستاش کورد بە کافر پێناسە دەکەن، باپیرانیان بە دژایەتی ئیسلام و هەواداری عەلمانییەت و پشتگیریکردنی ئینگلیز بوون بە دەوڵەت…..
دەڵێن حەسەن بەنا گوتوویەتی: “نییە لە کورد دڵسۆزتر بۆ ئیسلام”…..بیر لە وتەکەی حەسەن بەنا بکەوە ئەو دوو ڕاستییەش بەراورد بکە: عەلمانییەکانی ئەنکەرا چۆن یاریدەدەر بوون لە ڕووخانی عوسمانییەکانی ئەستەنبول، لە پێناو دروسکردنی دەوڵەتی عەلمانی تورکیای نوێ، لە هەمان سەردەمدا، دەگوترێت، کەوا کورد بە دوودڵییەوە تەوقەی لەگەڵ ئەفسەرە ئینگلیزەکان دەکرد، نەبادا، دەستی گڵاو بێت….
All reactions:
You, Ara Tahsin, Hero Aziz and 1.2K others