جەنگی سوریا، ڕەهەندێکی ڕوونی جیۆپۆلیتیکیی وزەی هەبوو و هەیە… بەرەی سوننەکان بە پاڵپشتیی دارایی قەتەر و دەستلەپشتدانی ئەمریکا، بە نیاز بوون گاز لە قەتەرەوە لە ڕێگەی سعودیە و ئوردنەوە بگەیەنن بە سوریا، لەوێشەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و ئەوروپا….
بەرەی شیعەکان، بە نیازی هەناردەکردنی گازی ئێرانی بوون لە ڕێگای عێراقی (تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر هەژموونی شیعەوە) بۆ سوریایەک کە تاران وای حیسابکردبوو بە تەواوەتی دەکەوێتە ژێر هەژموونی خۆی. ڕووسیا هاتە نێو گەمەکە و هەردوو سیناریۆکەی لە بار برد و ئەوڕوپای ناچار کرد کە تەنها چاوی لەو لوولانە بێت کە لە سیبیریاوە هەڵدەکشێن بەرەو کێشوەرە پیرەکە.
تورکیا بە هەر شێوەیەک بێت نایەوێت لە چەقی بازنەی ترانزێت و گواستنەوەی وزە بخرێتە دەرەوەی یارییەکە، هەر بۆیە بە چەمکی “ئەگەر پێکم نەکەن، تێکی دەدەم” مامەڵە دەکات لە سوریادا.
سەرباری هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ مانەوە وەک ڕێڕەوی گواستنەوەی وزە، هەرچی لە دەستیشی بێت دەیکات بۆ لەباربردنی هەژموونی کورد لە ڕۆژئاڤادا.
لەبەرامبەر گازی سروشتی هەرێمی کوردستاندا، تورکیا لە ناو بازنەی بەرژەوەندییەکاندایە، ڕووسەکانیش بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن. مۆسکۆ لە ڕێگای ڕۆسنێفت خۆی یاریکەرێکی سەرسەختی گۆڕەپانەکەیە لە هەرێمدا و نیمچە خاوەندارێتیشی دەکات. نە جارێ کوردستان هێندە کێڵگەی گازی پەرەپێداوە کە بتوانێ لە یەک کاتدا جێگای ئێران و ڕووسیا بگرێتەوە، نە مۆسکۆش وا بە ئاسانی ڕێگا بە ئەجێندایەکی لەو شێوەیە دەدات.
بە پێی زانیارییەکان، بڕیار بوو ڕۆسنێفت لوولەیەکی گەورەی گازی سروشتی لە هەرێم بەرەو تورکیا دروست بکات، کەچی ئێستا ڕۆسنێفت باس لە دروستکردنی لوولەیەک دەکات کە قەبارەکەی زۆر بچووکترە لەوەی لە پلانی سەرەتاییاندا نەخشەی بۆ کێشرابوو، (ژمارەکان لە ڕاپۆرتێکی شیکاری “کۆمپانیای قەمەر” ئاماژەیان پێدراوە). ڕەنگە پاشەکشەکردنی ڕۆسنێفت لە قەبارەی لوولەکە، پەیامی جیۆپۆلیتیکی لە پشت بێت کە گاز بە شێوەیەکی سنووردار و تەنها بۆ تورکیا گلۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە، نەک دوورتر!
لە جەنگی سووریادا، ڕووسیا مەرامی خۆی ئاشکرا کرد، هەزارجار ئیسرائیل ئێران بکاتە ئامانج و سوپای قودس قەتلوعام بکات، مۆسکۆ ئیدانەشی ناکات. ئەو لە سوریایە و ڕێگا بە هەناردەکردنی هیچ گازێک نادات بەرەو ئەوڕوپا. پێشتریش ڕووسیا پرۆژەکانی “نابوکۆ” و “نابوکۆی باشووری” شکست پێهێنابوو کە بڕیار بوو نەوت لە قەوقازەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوڕوپا.
هاوشێوەی سووریا، لە هەرێمی کوردستانیش، ڕووسیا بەربەست بۆ گەیشتنی گازی کوردی بە ئەوڕوپا دروستدەکات، بەڵام ئەگەر گازی سروشتیی هەرێم بە شێوەیەکی سنووردار جێگەی گازی ئێران بگرێتەوە بۆ ناوخۆی عێراق و بەشێکی تورکیاش، ئەوا هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ سەر مۆسکۆی خاوەن ڕۆسنێفتی-خاوەن پرۆژەی ستراتیجی وزە لە هەرێمی کوردستاندا، دروست ناکات.
پارادۆکسە گەورەکە ئەوەیە: لە لایەک ئەمریکا ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە داناگاز و دەستەخوشکەکانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لەلایەکی دیکەش ڕۆسنێفتی ڕووسی یاریکەرێکی ستراتیجیی وزەی هەرێمی کوردستانە و پشکداری لوولەکانە، لایەنگرانی بیردۆزی موئامەڕەش دەڵێن کە ئەمریکا و ڕووسیا لە سەر هەموو شتێک ڕێککەوتوون، تەنانەت لە سەر جەنگی ئۆکرانیاش….
تاران ڕاستەوخۆ لە ڕێگای ڕۆکێتەکانییەوە و ناڕاستەوخۆش لەڕێگای (عبد المأمور)ەکانییەوە لە بەغدا، هەست بەو ئەجێندا ڕووسی-ئەمریکییە دەکات بۆیە پەلەقاژەیەتی بۆ مانەوە.
ئاخۆ هەرێم دەتوانێت لە نێو ئەو فرەبەرداشییەدا جێگایەک بۆ خۆی و سیاسەتی وزەکەی بکاتەوە؟


