ساڵی ١٩٤٥ ئەندازیاری ئەمریکی (ڤانێڤار بوش) کە سەرۆک و ڕێکخەری دەزگایەکی توێژینەوەی سەربازیی ئەمریکی بووە، نووسیویەتی:
''یاسای بۆماوەیی کە زانا جۆھان مەندل (١٨٢٢-١٨٨٤) دایهێنابوو بۆ چەندین دەیە نەگەیشتە بەردەستی کەسانێک کە کاری لەسەر بکەن و پەرەی پێبدەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جیهان بە جۆرێک نوقم بووە لە زانیاریی بێ کەڵک و بێ سوود.. شتە بەسوودەکانیش ونبوون و ناگەنە شوێنی مەبەست''.
ئەگەر (ڤانێڤار بوش) لە ١٩٤٥ ئەوەی نووسیبێت، دەبێت ئێستا چی نووسیبا؟!
شۆڕشی زانیاری و خراپ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، توێژینەوەی بێ سەروبەر و گەندەڵیی زانستی و ئەکادیمی، هەموو جیهانی بە زانیاریی پووچ داپۆشیوە و تا ئاستی سوکایەتی، زانستی بێ کلاس و ڕیسوا کردووە.
بە پێی چەند سەرچاوەیەک بە تەنھا لە وڵاتی لوبنانەوە، ٢٧ ھەزار بڕوانامەی ساختە بەخشراونەتە (فرۆشراونەتە) ھاوڵاتیی عێڕاقی. ئەکادیمیی فێلباز بچێتە هەر شوێنێک، دەبێتە مۆرانە، پەرە بە گزی و فێڵەکانی دەدات و کۆمەڵگا لە بناغەوە هەڵدەتەکێنێت…..
‏ Woo-suk زانای بواری ڤێتێرنەری کۆریای باشوور بە شکۆی یەک وڵات دادەندرا. ئەو زانا کۆریاییە جاڕی ئەوەی دەدا کە بە سەرکەوتوویی هێڵەکانی خانە بنەڕەتییەکانی لە کۆرپەی کلۆنکراوی مرۆڤەوە وەرگرتووە، ئەمەش پێشکەوتنێکی بەستەڵەکشکێنە لە بواری پزیشکی و بایۆلۆجیدا. کارەکانی لە گۆڤارە زانستییە بەناوبانگەکاندا بڵاوکرانەوە و بەڵێنی چارەسەری کۆمەڵێک نەخۆشی کوشندەی بە جیهان دا.
لە پڕ ئاشکرا بوو کە سەرجەم ئەنجامی توێژینەوەکانی ساختەن و پشتی بە داتای وەهمی و دروستکراو بەستووە. Woo-Suk وەک شووشەیەکی کریستالی لە سەربان کەوتە خوارەوە و شکۆ و ناوبانگی بوو بە هەزار پارچە. ملیۆنەها هاوڵاتی کۆریای باشوور دڵیان شکا، هەزاران زانای بوارەکە لە سەرتاسەری ئەم هەسارەیەدا تووشی نائومێدی بوون، هەزاران هەزار نەخۆشیش لە جیهاندا بێ هیوا کران……
گرینگە بزانین کە دەزگا پەیوەندیدارەکانی کۆریای باشوور، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی بەئاگای چاوکراوەی وڵات و دەزگا پەیوەندیدارە ئەکادیمییەکانی سیئۆلی پایتەخت ،خۆیان بۆ جیهانیان ئاشکرا کرد کە زاناکەیان فێڵی لە جیهان کردووە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا، ئەوپەڕی شکۆمەندییە و لە زۆر ڕووەوە، وانەیەکە بۆ مرۆڤایەتی، ئەگەر بە قووڵی بیری لێ بکەینەوە…..