ساڵی ١٩١١، بومەلەرزەیەکی سیاسی و ئابووری ئەمریکای هەژاند. زەنگێک لێدرا کە تا ئەمڕۆش دەنگ و سەداکەی لە گوێی نەوە یەک لە دوای یەکەکاندا دەلەرێتەوە و لە سەرجەم ویلایەتە یەکگرتووەکاندا

مژدەی لە دایکبوونی زلهێزێکی ئابووریی زەبەلاح لە جیهاندا ڕاگەیەنرا.
کۆمپانیای ‘’ستاندارد’’ی ئەمەریکا کە خاوەنەکەی ڕۆکێفێلەر بوو و لە دەوڵەمەندیدا بیل گەیتسی سەردەمی خۆی بوو، کەچی خەڵکی ئەمریکا بە دوژمنی سەرسەختی خۆیانیان دەزانی، چونکە لە ناوەڕاستی ١٨٦٠ەوە دەستی بە سەر هەموو جموجۆڵێکی پیشەسازیی نەوتی ئەمریکادا گرتبوو و بە ڕادەیەک دەوڵەمەند و خاوەن هەژموون بوو، کە خۆی و خانەوادەکەی بووبوون بە نیمچە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناو کایەی سیاسی و ئابووریی ئەمریکادا.
ساڵی ١٩١١ دادگای باڵای ئەمەریکا بە پشتیوانیی تیۆدۆر ڕۆزڤێڵتی سەرۆکی وڵات، کۆتاییان بە گەورەترین قورخکاری و کارتێلی سەدەی بیستەم هێنا و کۆمپانیای ستانداردیان هەڵوەشاندەوە و کردیان بە کۆمەڵێک کۆمپانیای بچووک بچووک کە نەتوانن لە بازاڕدا قۆرخکاری بکەن و ئەستێرەی ڕۆکێفێلەر و خانەوادەکەی بۆ ھەمیشە ئاوا بوو!
لە ئەمریکادا یاسای دژەقۆرخکاری antitrust گەورەترین بنەمای بازاڕی ئازادە کە ڕێگرێکی بەهێزە لە دژی قۆرخکاری و دروستکردنی کارتێلی ئابووری و دەستێکەڵکردنی ژێر بەژێری ئابووری لە نێوان کۆمپانیاکان و ڕێگری لە کۆنتڕۆلکردنی نرخی شتومەک و بازار. ئەستەمە لە ئەوڕوپا و ئەمریکادا قوتابییەکی دەرچووی یاسا بدۆزیتەوە کە کەیسی هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای ستانداردی نەخوێندبێ و فێرنەکرابێ کە قۆرخکاری یەکەم دوژمنی سەرسەختی دروستبوونی تەندروستیی هەر دەوڵەتێکە لە جیهاندا….