زانای ماتماتیکی ئازەربایجانی لوتفی عەلی عەسکەرزادە لە ساڵی ١٩٦٥ چەمکی “لۆژیکی تەمومژاوی” (Fuzzy Logic)لە بیرکاری و کۆمپیوتەردا داھێنا. ئەو لۆژیکە پشت بە مەزەندەکردن دەبەستێت و بۆ شیکاری ھەر کێشە و ھاوکێشەیەک، پشت بە ژمارەی ھەڕەمەکی دەبەستێت، ژمارەی ناو ھاوکێشەکان مەزەندە دەکرێن.

بەو پێیە شتێکی ئاساییە و ئەگەر هەیە ژمارەی خەمڵێندراو بۆ ھەر شتێک، ڕاست بێت، نیمچە ڕاست بێت، یانیش تەواو لە ڕاستییەوە دوور بێت.
لەو کاتەی عەسکەرزادە خەریکی بەرگریکردن بوو لە داهێنانە مشتومڕاوییەکەی، لەودیوی گۆی زەوی، لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکادا، گەنجێکی عاشق بە زانیاریی تۆکمە، دوور لە گریمانە و مەزەندەکردن، دوور لە تەمومژ، چەکەرەی دەکرد. “ماسیۆ سیمۆنس”ی دێوانەی زانست و مەعریفە، هێندە خولیای زانیاری بوو، لە سەردەمی خوێندنی ئامادەیی و لە پشبڕکێی قوتابخانەکاندا.. لە سەرتاسەری ئەمریکادا بوو بە یەکەم ئەستێرە و لە تافی لاوێتیدا ناوبانگێکی گەورەی بەدەسهێنا.

سیمۆنس بەردەوام بوو لە درەوشانەوە، ڕێگای کەوتە هاڕڤارد و بەشە ناودارەکەی بزنسی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد. حەزی بە گەمەکردن بوو لەگەڵ زلهێزەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ستراتیژیترین کاڵای سەردەمی هەڵبژارد، ئۆکسیجینە ڕەشەکەی ئابووریی گۆی زەوی....نەوت.

سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆرج بوشی کوڕ، چاوی کەوتە سەر ئەو مرۆڤە بیرتیژە و کردی بە گەورەڕاوێژکاری خۆی لە بواری وزەدا.

سیمۆنس لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هەمیشە بە ڕا و سەرنجە شۆکهێنەرەکانی هۆڵی کۆبوونەوەکانی بێدەنگ دەکرد، بەڵام چ بێدەنگییەک؟ بێدەنگییەکی تۆقێنەر، کە گوێ کەڕ دەکات!

لە بیرکردنەوەکانید کەوتبووە ژێر کاریگەریی زەویناسی ناوداری جیهان و کۆمپانیای شێلی هۆڵەندی-ئەمریکی، “کینگ هەبێرت”.
هەبێرت لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پێشبینی کردبوو کە لە حەفتاکانی هەمان سەدەدا، نەوتی خاوی ئەمریکا لە کورتی دەدات و پاشەکشەدەکات، پێشبینییەکەیشی ڕاست دەرچوو.

سیمۆنس لە سەردانێکیدا بۆ سعودیا و لە دیداری لەگەڵ گەورەبەرپرسانی کۆمپانیای ئارامکۆدا، تووشی گفتوگۆیەکی قووڵ دەبێت. یەکێک لە گەورەبەرپرسانی ئارامکۆ قسەیەکی لە دەم دەردەچێت و بە سیمۆنس ڕادەگەیەنێت کە ئەوان بۆ خەمڵاندنی نەوتی یەدەگی سعودیا، پشت بە بیردۆزی “لۆژیکی تەمومژاوی” دەبەستن. ئەو گفتوگۆیە سەراپای ژیانی سیمۆنسی گۆڕی.
هەر لە دوای ئەو دیدارەدا، سیمۆنس بوو بە بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی ئەو داتا و زانیارییانەی کە سعودیا دەیدا بە جیهان. سیمۆنس دەستی بە لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ کرد لە سەر یەدەگی ڕاستەقینەی نەوتی سعودیا و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ڕۆژێک دادێت جیهان نوقمی تەنگژەیەکی ئابووریی گەورە دەبێت و ئەو ملیۆنەها بەرمیل نەوتەی سعودیا کە ڕۆژانە ئابووریی جیهان پشتی پێ دەبەستێت، کۆتایی پێدێت.
سیمۆنس داوای کرد کە بڕی یەدەگی وڵاتان، بە سیاسی نەکرێت و بە داتا و زانیاریی تۆکمەی هاوشێوەی زانا “کینگ هەبێرت” ساغ بکرێتەوە و لەسەر بناغەی ئەو زانیارییە ڕاستەقینانەی لە کێڵگەکانی نەوتەوە دەست دەکەون، یەدەگ هەڵبسەنگێندرێت، نەک بە خەیاڵپڵاوی و پشبەستن بە بیردۆزی (لۆژیکی تەمومژاوی)ەکەی عەسکەرزادەی ئازەری.
سیمۆنس بە جیهانی ڕاگەیاند کە ئەو ژمارانەی وڵاتانی ئۆپێک بۆ یەدەگی نەوتی خۆیان ڕایدەگەیەنن، مەغزای سیاسی و ئابووریی چەواشەکارانەی هەیە…بە پێی یاسای خودی ڕێکخراوی ئۆپێکیش، ڕێژەی بەرهەمهێنان، بە پێی قەبارەی یەدەگی نەوتی وڵاتانی ئەندام دەستنیشان دەکرێت. هەر بۆیە وڵاتانی ئەندام ژمارەی قەبە فڕێدەدەنە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانە مسۆگەر بکەن و ملیارەها دۆلار لە داهات بۆ وڵاتەکانیان دەستەبەر بکەن…
دوای ئەو کێشمەکێشمانەی دروستی کردن، سیمۆنس لە سەرجەم وڵاتانی ئۆپێک و بە تایبەتی لە شانشینی سعودیا، ڕووبەڕووی جۆرەها فشار و نەفرەتلێکردن بووەوە.

ساڵی ٢٠١٠، کاتێک لە ماڵە هاوینییەکەی خۆیدا لە شاری نۆڕس هاڤن لە ئەمریکا، بە مردوویی دۆزرایەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، مردنەکەیان بە سروشتی لە قەڵەمدا، بەڵام هەندێک لە لایەنگرانی سیمۆنس، مردنەکەیان بە مردنێکی گوماناوی وەسف کرد.

سیمۆنس مرد، بەڵام کتێبە ناودارە پڕفرۆشەکەی بە ناوی “شەفەق لە بیاباندا” (Twilight in the Desert) بۆ هەمیشە زیندووە و بیر و هزری ئابووریناسان و پیشەسازانی نەوتی سەرتاسەری جیهانی، بۆ هەمیشە گۆڕی!