کاتێک زەویناسان لە بەردە کلسەکان دەکۆڵنەوە، یەکەمین شت کە سەرنجیان ڕادەکێشێت ئەوەیە کە ئەو بەردانە ئەگەر بەر شلە کیمیاییە ترشەکان بکەون، ڕاستەوخۆ کارلێک دەکەن و بە ڕوونی کەف و کوڵی کارلێکردنەکە دەبینرێ و خێرا دەزانن جۆری بەردەکە کلسە و پێکهاتە سەرەکییەکەی بریتییە لە کانزای کالسیۆم.


زانای فەرەنسی (دیودات دی دۆلۆمیۆ) دووسەد ساڵ بەر لە ئێستا سەرنجی دا کە کاتێک شلە ترشەکان بەسەر هەندێک بەردی کلسیدا دەکەی، کارلێک ناکەن. بۆیە خێرا گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو بەردە کلسانەی کارلێک لەگەڵ ترشە کیمیاییەکاندا ناکەن، جۆرە کانزایەکی نوێن.

هەواڵەکە لە نێو زەویناسانی ئەوروپادا بڵاوبۆوە و لە سەرتاسەری جیهاندا ئەو جۆرە بەردانە ناسران و ناوی کانزاکەش لەسەر ناوی زانا (دۆلۆمیۆ)وە ناونرا (دۆلۆمایت) کە جگە لە کالسیۆم، توخمی مەگنیسیۆمیش لە پێکهاتەکەیدا هەیە. ساڵێک دوای ئەو دۆزینەوەیە، چیایەک لە ئیتالیا، کە بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی ئەلپ، بە ناوی ئەو زانایە ناونرا و تا ئەمڕۆش هەمان ناوی هەیە.
بێگومان کانزای دۆلۆمایت پێکهێنەرێکی گرنگی چیاکانی کوردستانیشە.

کاتێک شۆڕشی فەرەنسا هەڵگیرسا، زانا (دۆلۆمیۆ) سەرسەختانە بەرگری لە شۆڕشەکە کرد ، بەڵام دواتر بە هۆی ئەوەی چەند کەسێک لە خانەوادەکەی کوژران، ئەو لە سەرکردەکانی شۆڕشەکە هەڵگەڕایەوە.
ساڵی ١٧٩٨ (دۆلۆمیۆ) ناوبانگی لە جیهاندا دەرکردبوو، کاتێک ناپلیۆن وڵاتی میسری داگیرکرد، (دۆلۆمیۆ) لە چوارچێوەی گەشتێکی زانستیدا دەچێتە ئەسکەندەرییە. لە مانگی ئازاری ١٧٩٩ دا نەخۆش دەکەوێت و بە ناچاری داوای لێ دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا. ئەو کەشتییەی کە زانا (دۆلۆمیۆ)ی هەڵگرتبوو لە ڕێگای گەڕانەوەدا، بە هۆی نالەباریی کەش و هەوا، تووشی ڕووداو دەبێت و ناتوانێت گەشتەکە تەواو بکات. بۆیە بە ناچاری پەنا دەباتە بەر کەنارەکانی (تۆرێنتۆ)ی ئیتاڵیا کە ئەودەم لەگەڵ فەرەنسا ناکۆک و نەیار بوون.
زانا دۆلۆمیۆ وەک دیلی جەنگ دەخرێتە ژووری زیندانی تەنهایی و ڕووبەڕووی دژوارترین بارودۆخ دەبێتەوە. دەنگۆی بەدیلگرتنی (دۆلۆمیۆ) کۆمەڵگەی زانایانی ئەو سەردەمی ئەوروپای شۆک کرد، تەنانەت زانایانی بەریتانیاش (کە ئەودەم ململانێی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە لوتکەدا بوو)، یاداشتیان پێشکەش کرد کە دەبێت زانا (دۆلۆمیۆ) دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

زانا (دۆلۆمیۆ) ٢١ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا مایەوە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەوڵی دا لە ڕێگای پاپا ئازادی بۆ (دۆلۆمیۆ) دەستەبەر بکات، بەڵام ناپلیۆن پێی وابوو ئاراستەکردنی داوایەکی وەها بۆ پاپا کارێکی ناشکۆمەندانەیە.

لە هاوینی ساڵی ١٨٠٠، ناپلیۆن لە جەنگی ناسراو بە (مارێنگۆ) پەلاماری ئیتالیای دا و سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد و سەرجەم خاکی ئیتاڵیای خستە ژێر ڕکێفی خۆی.

لە مانگی ئازاری ١٨٠١دا، لە ڕێکەوتنی ئاشتیی (فلۆرێنس)دا، یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، دەستبەجێ ئازادکردنی زانا دۆلۆمیۆ بوو لە دوورگەی سیسیلی.