زۆر دوور ناڕۆین:
تورکیا لە ساڵی ١٩٧٤ دا بە دوو قۆناغ هێرشی کردە سەر دوورگەی قوبڕس و بەشێکی زۆری لە باکووری ئەو وڵاتە سەربەخۆیەی ئەوڕوپای داگیر کرد و سەرباری ناڕەزایی سەرجەم وڵاتانی جیهان، ساڵی ١٩٨٣ کۆماری باکووری قوبڕسی بۆ کەمینەیەکی تورکی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دامەزراند.
بەوەش پێشێلی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی کرد و تا ئەمڕۆش کەس جورئەتی نەکرد بە کردار بڵێت لەل.
چل و چوار ساڵ دوای داگیرکردنی قوبڕس، بە بێ ئەوەی حیساب بۆ ڕا و بۆچوونی دۆست و نەیارانی بکات، بە بێ ئەوەی مێش میوانی بێت و گوێ بە دەقە بریقەدارەکانی یاسای نێودەوڵەتی بدات، هەمان ئەو تورکیایە خۆی خزاندە ناو عەفرین و یەکێک لە گەورەترین و خێراترین پرۆسەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە سەردەمی نوێدا، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، ئەنجامدا.
تورکیا نەیارانی خۆی لە ئەفریقا، ئەوروپا و ئەمریکاش ڕاو دەکات، بەیرەقدارە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەنقەرەش لە هەموو شار و کونجێکی کوردستان و عێراقدا گەریلا بەرهەڵستکارەکان دەکەنە ئامانج. تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆی بە هیچ شێوەیەک گوێ بە قسەی سواوی ئەو چاودێرانە نادات کە ئاماژە بە سەروەریی وڵاتان لە چوارچێوەی یاسای نيودەوڵەتیدا دەدەن و ڕۆژانە قەوانی کۆن لێدەدەنەوە….
تورکیا هەر بۆ ختووکەدان و ئیستیفزازکردنی ئەوروپا، زوو زوو کەشتییە پشکنەرەکانی دەنێرێتە کەناراوە کێشەلەسەرەکان لە دەریای ناوەڕاستدا و بە دوای نەوت و گازدا دەگەڕێت کە هیچ یاسایەک ڕێگەی پێ نادات…
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، تورکیا سەریشی نەیەشێت پرێسکەی لێ دەبەستێت و هەمیشە چێژ لە ڕووبەڕووبوونەوە دەبینێت….
ئایا ئەوپەڕی ساویلکەیی نییە کە وەزیری نەوتی عێراق دڵی خۆی بەوە خۆشبکات کە دادگایەکی تەحکیم بتوانێت ئەو تورکیا کەللەڕەق و بێ دەربەستە لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان سارد بکاتەوە و ئەنقەرە لەوپەڕی هەژموونی خۆی لە عێراقدا، بخاتە دەرەوەی بازنە؟!!
هاوڕێ مەنسوربەگ
لارنەکە/قوبرس