گوێم لە هەندێک کەس بووە دەڵێن سۆفتوێر و بەرنامەی کۆمپیوتەر هەیە ڕستەی ئینگلیزی کەسانی دیکە کۆپی بکە تێیدا، ئەو بەرنامەیە یەکسەر ڕستەکەت بۆ دەگۆڕێت بە شێوازێکی نوێ، تۆش دەتوانی لە ناو توێژینەوەکانت بەکاری بێنیت و وەک ڕستەی خۆت نمایشی بکەیت. دەڵێن بەرنامەکە ئەوەندە هۆشمەندە کەس ناتوانێت بزانێت سەرچاوەی ڕستەکە چۆن بووە و لە کوێوە کۆپی کراوە!
خۆ توێژەر نابێت لە ترسی ئاشکرا نەبوون، گزی و فێڵ نەکات. توێژەران دەبێت ئەستۆپاکترین مرۆڤەکانی سەر ئەم هەسارەیە بن هەم لە کاتی لێکۆڵینەوە هەم لە کاتی نووسین و دۆکیومێنتکردنی ئەنجامەکان.
دووبارە بنیاتنانەوەی ڕستە لە کاتی نووسینەوە شتێکی ئاساییە، بە مەرجێک، دوای گۆڕانکاریکرد لە دەربڕینە زانستییەکاندا ئاماژە بە سەرچاوەکە بکەیت و هەوڵ بدەیت لە ڕستە نوێیەکەدا شوێنپەنجەی خۆتی پێوە دیار بێت، نەوەک شوێن پەنجەی کۆمپیوتەرەکان.
بەڕاستی “هۆشمەندی دەستکرد” بخزێتە نێو نووسینەکانمان، هیچ بەهایەکی مرۆڤانە بۆ دەربڕینەکانمان ناهێڵێت….
پێویستە لە بیرکردنەوەکانمان و لە نووسینەکانمان، دەنگی جیاوازی خۆمان بین، نەوەک سەدا و دەنگدانەوەی کەسانی دیکە و کۆمپیوتەرە هۆشمەندەکان…