كێ ئەوروپاییەكان لە سەرمای زستان ڕەقدەكاتەوە؟
مانگی چواری ساڵی ٢٠١٤، بڵاوکراوەتەوە….
دووربینی و دیدی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رۆناڵد رێگن ئێستا لە قەیرانی ئۆكراینادا بەزەقی دەردەكەوێت. 33 ساڵ بەر لە ئێستا، كاتێك ئەوروپاییەكان رێككەوتننامەی دروستكردنی لوولەی غازی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوایان بۆ گواستنەوەی غازی رووسیا لە (سیبیریا)وە بۆ ئەوروپا واژۆ كرد، رۆناڵد رێگن بە توندترین شێوە بەرەنگاری فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بووەوە. سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمەریكا، بۆ رێگەگرتن لە راكێشانی لوولەی گواستنەوەی غازی سروشتیی رووسی بۆ ئەوروپا، گەمارۆیەكی ئابووری و تێكنۆڵۆجی بەرفراوانی خستە سەر ئەو كۆمپانیایانەی ئەركی دروستكردنی لوولە غازەكەیان لە ئەستۆ گرتبوو. نێوانی ئەمریكا و ئەوروپا هێندە ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی كە مارگرێت تاتچەری سەرۆك وەزیرانی ئەو سەردەمەی بەریتانیای ناچاركرد لە ساڵی 1982 لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی BBC بڵێت: "ئێمە بە سەختی لەلایەن یەكێك لە هاوپەیمانەكانمانەوە برینداركراوین". مەبەستی مارگرێت تاتچەر سزا سەختەكانی سەرۆك رێگن بوو بۆ سەر ئەوروپا. رێگن چەندین هۆكاری هەبوو بۆ ئەوەی بەرەنگاری پڕۆژەی گواستنەوەی غازی رووسی بۆ ئەوروپا بێتەوە. یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەبوو كە ئەوروپا نابێت پشت بە نەیارێكی گەورەی وەك رووسیا ببەستێ بۆ دابینكردنی وزە. رێگن ئەوكات هۆشداری دا كە ئەوروپا دەبێتە بارمتەی دەستی رووسیا، هەركاتێكیش رووسیا بیەوێت، دەتوانێت ئەوروپا بۆ سازشكردن لەسەر پێشهاتە چاوەڕواننەكراوەكان ملكەچ بكات. ئێستا سەرۆكی رووسیا، فلادیمێر پوتین، دوای 33 ساڵ لە پێشبینییەكەی رێگن، هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات كە لەسەر كێشەی نیمچە دوورگەی قەرەم و ئۆكراینا، ئەوروپاییەكان لە سەرمای زستانی ئایندەدا رەقدەكاتەوە. تۆ بڵێی رووسیا تاوانبار بێت یان ئەو سەركردە ئەوروپاییانەی كە هاوڕا نەبوون لەگەڵ دید و روئیای رێگن بۆ ئایندەی ئەوروپا و ئاسایشی وزە و ئەو گەمە جیۆپۆلیتیكییەی رووسیا لەگەڵیاندا دەیكات؟