ئاهەنگگێڕانی پێشوەختەی تورکیا بۆ سەرکەوتنێکی ناکام…

گازە زەبەلاحەکەی تورکیا بوو بە تارمایی؟
دۆزینەوەی گازی سروشتی لە دەریای ڕەشدا….
مانگی ٨ی ساڵی ٢٠٢٠ نوسراوە……
جارێ زۆر زووە بۆ ئاھەنگگێڕانی تورکیا بە بۆنەی دۆزینەوەی بڕێکی زۆری گازی سروشتی لە دەریای رەشدا. دیاریکردنی بڕی یەدەگ، ھەڵکەندنی چەندین بیری پێویستە و شیکاریکردنێکی ھەمەلایەنەی ئەندازیاری و جیۆلۆجیی چڕ دەخوازێت، کە لە لایەن ئاژانس و کۆمپانیا ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە بێلایەنەکان پشتڕاست کرابێتەوە.
دەبێت ڕوون بکرێتەوە کە لەو گازەی لە ناو کانەکاندا قەتیسماوە، دەتوانرێت بڕی چەند بە تەکنەلۆجیای بەردەست بە کردەیی بەرھەم بھێنرێت لە چوارچێوەی ئابوورییەکی واقیعیی خۆڕاگری درێژخایەندا.
زۆر جار، لە دیاریکردنی بڕی یەدەگی نەوت و گازدا، ویستی سیاسی و ھەست و سۆزی نەتەوەیی، زاڵە بەسەر تۆکمەیی بەڵگە زانستییەکاندا.
رەنگە جاڕدانی ئەردۆغان بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی لە دەریای رەش و موژدەی گۆڕانی تورکیا لە ھاوردەکاری وزەوە بۆ ھەناردەکەر، حەماسی سیاسییانە بێت و کەمێک پەلەی پێوە دیار بێ لە پێناو هەڵمژینی توڕەیی خەڵک و ڕەواندنەوەی بێئومێدیی دامەزراوە ئابورییەکان، رەنگە تەواو پشتئەستوور نەبێت بە بەڵگەی زانستی، بەڵام لە حاڵەتی هاتنەدی ئەو ئەگەرانەدا، چارەنوسی ئابوریی هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
دەوڵەتی ئیمارات، لە ڕێگەی سەنتەری توێژینەوەکانی تایبەت بە نەوت و گاز، توێژینەوە لە سەر ئەو وڵاتانە دەکات کە ئەگەر هەیە لە بازاڕدا کێبڕکێی لەگەڵدا بکەن و ریزبەندی و پێگەکەی لەق بکەن. ئەو سەنتەرانە هەمیشە پلانی ئەلف و باء و جیم دادەڕێژن و بەردەوام نوێی دەکەنەوە .
دەبێت ئێمەش توێژینەوەی ئاستبەرزی پڕ متمانە ئەنجام بدەین و لە ئەگەری گۆڕانی دۆخی تورکیا لە وڵاتێکی وزەكڕەوە بۆ وزەفرۆش، خوێندنەوە بۆ ئەگەرەکان و دەرچەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بکەین، بە تایبەت کە بڕیار وایە سەرمایەگوزاری لە دروستکردنی لوولەی گازی سروشتی و هەناردەکردنی گازی هەرێم بۆ تورکیا بکەین.
ئەگەر هەوڵەکانی تورکیا لە هەکاری، دەریای ڕەش و ناوەڕاستدا سەرکەوتوو و بەرهەمدار بن و وزەی پێویست دەستەبەر بکەن، بێگومان تورکیا لە هاوبەشەوە دەبێت بە ڕکابەر.
ئەوکات چی ڕوودەدات و دەرچەکانی دەربازبوونمان چی دەبن؟ ناکرێت دەستەوەستان دانیشین و چاوەڕێ بین تا ئەگەرەکان دەبنە ڕاستی و ئینجا کاردانەوەمان هەبێت.
 

پەیوەندی

دکتۆر هاوڕێ عەزیز مەنسوربەگ

ژمارەی تەلەفۆن: 009647504971960  

 ئیمەیڵ: howri.mansurbeg@mansurbeg.com

All Rights Reserved. mansurbeg.com Designed By Ara ©